بەشی پزیشکی یان راگەیاندنی دەوێ

زانکۆلاین لە رێیە و دەرچوویەک دەڵێ؛ حەزدەکەم یارمەتی خەڵک بدەم

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

زین کەمال دەرچووی قۆناغی 12ی ئامادەییە و دەیەوێت رێگە و هەنگاوی نوێ بەرەو زانکۆ بنێ، ئەمڕۆ لە سیمینارێک بوو تا بۆی روون بێتەوە کوێ بۆ ئەو باشە، چونکە تائێستاش یەکلایی نییە.

نمرەکەی هۆکارە بۆ بەشەکەی، بەڵام ئەو دەڵێ، ویستی خۆی وایە لە بەشی پزیشکی یان راگەیاندن ناوی بێتەوە.

قەرار وایە ئەمڕۆ و بەیانی زانکۆلاین لە هەرێمی کوردستان رابگەیەنرێ تا دەرچووانی قۆناغی 12 ویستی خۆیان بۆ بەشداری لە کەرتی خوێندنی باڵا دەرببڕن دوای ئەوەی خوێندنیان لە کەرتی پەروەردە و قۆناغەکانی بنەرەتی و ئامادەیی تەواو کردووە.

زین کۆنمرەی 70 یە، دەڵێ، بە گوێرەی ئەوەی بەدوای چووە، پەرستاری و سەیدەلانی لە کەرتی تایبەت وەری دەگرن، ئەوەی لای ئەو مەبەست بێت ئەوە دەیەوێت، یارمەتی خەڵک بدات و حەزدەکات لە نەخۆشخانە کاربکات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا