"زیانی 70 ملیۆن دینارمان هەیە"

سەرما لە پڕەکە بەشێک لە کشتوکاڵی باڵەکایەتی وشک کرد

964+

ئاکام غەفوور – سۆران

بەهۆی هاتنی وشکە سەرمایەک بەرهەمی تەماتە لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی خراپ بووە و بەشێک لە جوتیاران رەنج بە خەسارچوون.

ماوەی دوو رۆژە بارستە هەوایەکی سارد کوێستانەکانی باڵەکایەتی گرتووتەوە و ناوە بە ناوە بەفر دەبارێت، شەوانیش کەشەکە کەشی بەستنە، ئەوەش بەرهەمی تەماتەی کوێستانەکانی خراپ کردووە.

جوتیاران کەوتونەتە خۆیان دەست و برد دەکەن هەرچی بەرهەمی پێگەیشتووە و دەستی سەرمای پێ نەگشتووە و کەڵکی بازاڕی هەیە لێی دەکەنەوە و ئەوەی تریشی ناچارن جێبهێلن، جوتیارێک بە 964ی وت،”جوتیار هەیە 70 ملیۆن دینار زەرەری کردووە”.

محەمەد حەسەن، جوتیارە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت،”بەهۆی سەرما بەرهەمی ئەمساڵمان تێکچووە، کە تازە پێدەگەیشت، نزیکەی 10 ملیۆن زیانم پێگەیشتووە، جوتیاریش هەیە تاکو 70 ملیۆن زیانی کردووە”.

دەشڵێت، لەگەل ئەوەی تەماتەکە سەرما بردی، دوو رۆژە بەرهەمەکە نرخی دابەزیوە لە بازاڕ، کەس بەرهەمەکەشمان لێ ناکڕێت، چونکە لەگەڵ بەستنی تەماتە لەو کەشەی ئێستا شل دەبێتەوە.

بەوتەی جوتیارانی سنوورەکە، یەکەم ساڵە بەم شێوەیە و لە پڕ سەرما روو لە ناوچەکە بکات، ساڵانی رابردوو تاوەکو ناوەڕاستی مانگی سەرماوەرز بەرهەمەکانیان خۆی گرتووە و نەشێواون.

سنووری باڵەکایەتی، بەهۆی گونجاوی خاکەکەی و بوونی ئاوی سازگار و کوێستانەکان، ساڵانە رووبەرێکی زۆری زەوی کوێستانەکان لە وەرزی هاوین دەکرێن بە کشتوکاڵی هەمەجۆر و پێداویستی بەشێک لە بازاڕەکان بۆ بەرهەمی ناوخۆ پڕدەکەنەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

به‌رهه‌مى كشتوكاڵى شێواندووه‌ و گه‌رمكه‌ره‌وه‌شی ...

به‌رهه‌مى كشتوكاڵى شێواندووه‌ و گه‌رمكه‌ره‌وه‌شی به‌ هاوڵاتیان داناوه‌ته‌وه‌