ئەم موعاناتە دەبێتە هەوێنی قەسیدەی گەورە

ساڵح بێچار: لەم ئێوارەیەوە مامۆستا لەتیف هەڵمەت بە خۆی دەزانێت

964+

ئەحمەد محەمەد- سلێمانی

ساڵح بێچار شاعیرو نووسەر کاتێک لە پرسەی خێزانەکەی لەتیف هەڵمەت هاتە دەر وتی ”ئەو موعاناتەی ئەمڕۆ لێمان بینی دەبێتە هەوێنی قەسیدەی گەورە”.

سورەییا شێخ عەلی هاوسەری نووسەرو شاعیری کورد لەتیف هەڵمەت ئەمڕۆ پێنجشەممە 03.09.2026 لە نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە لە سلێمانی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد، خەڵکێکی زۆر بۆ دڵدانەوەی لەتیف هەڵمەت چوونە پرسەکە، یەکێک لەوانە ساڵح بێچار بوو.

ساڵح بێچار لە ساڵانی هەشتاکانەوە لەتیف هەڵمەتی ناسیوە، دەڵێ ئەو کاتە لای بەریدەکە کتێبم دەفرۆشت بەهۆی ئەوەوە لە نزیکەوە ناسیم، بەڵام ئەو هەڵوێستەی زۆر لەبەر چاوە کاتێک لە یەکەمین کۆنگرەی نوسەرانی کورد لە دوای راپەڕین لەتیف هەڵمەت و حەسیب قەرەداغی و ع ح ب پشتگیریان کردووە ببێتە ئەندامی کۆنگرەکە.

پەیامنێری 964 لێی پرسی هیچ شیعری بۆ هاوسەرەکەی نوسیوە؟ ساڵح بێچار وتی ”نەمزانیوە پێش ئێستا نوسیبێتی، بەڵام ئەو موعانایتەی ئەمڕۆ لێمان بینی هەوێنی قەسیدەی درێژە، لەم ئێوارەیەوە مامۆستا لەتیف هەڵمەت بە خۆی دەزانێت”.