تا 18ـى 10
دوا دەرفەتە؛ ماوەى لێخۆشبوون لە 50%ـى قەرزى کۆنى کارەبا درێژکرایەوە
وریا فەتاح
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوایین دەرفەت دەداتە ئەو هاوبەشانەی کارەبا کە قەرزی کۆنیان (پێش پرۆژەی رووناکی) لایە، ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا قەرزەکان نەدەنەوە، لێخۆشبوونیان بۆ نامێنێت و راستەوخۆ دەخرێتە سەر پسوولەی مانگانەکەیان.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە، لە رێکەوتی 24ـی ئەیلول (مانگی 9) تاوەکو 18ـی تشرینی یەکەم (مانگی 10) دوایین وادە دەبێت بۆ ئەوەی هاوبەشانی کارەبا سوودمەند بن لە لێخۆشبوونی قەرزەکانیان کە رێژەکەی دەگاتە 50%.
داشکاندنەکان بەم شێوەیە دەبن:
ماڵان و کشتوکاڵ: داشکاندنی 50٪ بۆ سەرجەم قەرزەکان.
پیشەسازی، بازرگانی و میری: داشکاندنی 25٪ (جگە لەو هاوبەشانەی فیدەری تایبەت بەخۆیان هەیە).
مەرجی سوودمەندبوون: دەبێت هاوبەشەکە دوای لێدەرهێنانی داشکاندنەکە، تەواوی پارەکەی تر بە یەکجار بدات (لە رێگەی سیستەمی ئی-پسوولە، یان بنکەکانی فرۆشتنی وزە).
دوای 18ـی مانگی 10 چی روودەدات؟
ئەگەر هاوبەشێک تا ئەو بەروارە قەرزەکەی نەداتەوە یان نەچێت بەدەم پرۆسەکەوە، ئەوا راستەوخۆ و بەشێوەی ئۆتۆماتیکی تەواوی قەرزەکەی (بەبێ هیچ داشکاندنێک) دەکرێتە قیست بۆ ماوەی 6 تا 24 مانگ. دواتر ئەو قیستانە دەخرێنە سەر پسوولەی مانگانەی “پرۆژەی رووناکی” و دەبێت لە ماوەی 50 رۆژدا پارەکە بدرێت.
بەپێی ئامارەکان، لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، هێشتا نزیکەی 800 هەزار هاوبەش قەرزی کۆنی کارەبایان لایە، حکومەتیش دەڵێت ئەم بڕیارە بۆ کارئاسانیی هاوڵاتییان و گەڕانەوەی دادپەروەرییە پێش جێبەجێکردنی سیستەمی نوێ.