پلانەکە بۆ پێنج ساڵە

وەزارەتی ناوخۆ وۆرکشۆپی هەیە و پۆلیسی خزمەتگوزار لەڕێیە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بنکەی نموونەی ئامادەکراوە، تا رۆڵی پۆلیس بکات بە خزمەتگوزار، وە بۆ بەهێزكردنی سەرجەم دامەزراوەكانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەفسەری راهێنراون و ئامادەكراون.

ئەمە لە چوارچیوەی پلانی ستراتیژی حکومەت و بەشدارەکانی یەکێتی ئەوروپایە بە هاوبەشی راێژکاری، وە لە چوارچێوەیی ستراتیژی چاكسازی پۆلیسی كوردستان كە پرۆژەیەكی هاوبەشە لەنێوان پۆلیسی كوردستان و یەكێتی ئەوروپا جێبەجێ دەکرێ.

رۆندك فارس، سەرۆكی بەشی ئەكادیمیا و بەرێوبەردن لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ 964 باسی لەوەکرد، گفتوگۆی سەركردە باڵاكانی پۆلیسی كوردستان لەسەر رەشنووسی پێنج ساڵی داهاتووی پۆلیسی كوردسنان بە هەماهەنگی یەكێتی ئەوروپا بەرێوەبراوە.

ئامانجمانە دامەزراوەكانی وەزارەتی ناوخۆ بەهێز بكرێت و ئەو خاڵانە دیاری بكرێت كە چۆن پۆلیسی كوردستان چاكسازی بكات و رۆڵەکەی ببێت بە خزمەتگوزار، چۆن نەخشە رێگایی داهاتوو دابنرێت راوێژكارانی یەكێتی ئەوروپا كاریگەری راستەوخۆیان هەیە لەسەر پرۆژەكە.

وەزارەتی ناوخۆ پلانێکی دیراسەکراو و تۆکمەی بۆ پەرەپێدانی کەرتی پۆلیس بە ناوی (ستراتیژی چاکسازی لە پۆلیسی نیشتیمانی کوردستان 2026-2030) ئامادە کردووە کە لە سەر بنەمای (متمانە و خزمەت)، پێداچوونەوە بە پەیکەری کاری دامەزراوەیی پۆلیس و گونجاندنی لەگەڵ سەردەمی نوێ، پەیوەندی نێوان ئەفسەر و کارمەندان، جۆری پەیوەندی و مامەڵەی پۆلیس و هاوڵاتی، پەرەپێدانی دامەزراوەکانی پەروەردە و پێگەیاندنی پۆلیس دەکات.

ئەم پلانە بۆ گۆڕینی ستراتیژی کارکردنی پۆلیس لە ( پۆلیسی لەسەر بنەمای هێز) بۆ (پۆلیسی لەسەر بنەمای متمانە و خزمەت)، کە هاوڵاتی تیایدا وەکو یەکێک لە هاوبەش و پاڵپشتیکارانی پۆلیس ناسراوە، ئەمەش دوای ئەوەی پێداچوونەوەی ورد بە مامەڵەی پۆلیس لەگەڵ هاوڵاتی دەکرێت کە لەسەر بنەمای رێز و هاوبەشێتی و هەماهەنگی دادەڕێژرێتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ، ئەم پێداچوونەوەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئەدای پۆلیسی کوردستانە کە سەرەڕای کارەکانیان لە سی ساڵی رابردوو بۆ پاراستنی ئارامی و سەر و ماڵی هاووڵاتیان، ئەم پڕۆژەیە دامەزراوەی پۆلیس بۆ ئاستی گۆڕانکارییەکانی سەردەم و چاوەڕوانی هاووڵاتیان ئامادە دەکات.

لە ماوەی رابردوو توانراوە راهێنان بە زیاتر لە هەزار ئەفسەر و کارمەند بکرێت و بۆ ئەرک و قۆناغی نوێی خزمەتکردن ئامادە و پەروەردە بکرێن، وەزارەتی ناوخۆ پلانی داناوە کە لە چوار ساڵی داهاتوو، هاوڵاتی گۆڕانکاری گەورە لە ئەرک و ئەدا و مامەڵە و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس ببینێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا