"نیشتنەوەی فڕۆکەکانمان دەبەینە نەجەف"
تاران: بەغدا رێگە نادات فڕۆکەی ئێرانی لە فڕۆکەخانەکەی بنیشێتەوە
ژووری هەواڵ
فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران دەڵێت، بەغدا رێگە نادات فڕۆکەی ئێرانی لە فڕۆکەخانەکەی بنیشێتەوە، بۆیە نیشتنەوەی فڕۆکەکانمان دەبەینە نەجەف.
وتەبێژی رێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنیی ئێران بە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی وت، لە کاتژمێر 12ی ئەمشەوەوە، فڕۆکەخانەکانی بەغدا و مەسقەت پێشوازی لە گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران ناکەن، بەو هۆیەشەوە ئێستا لە هەماهەنگی و راوێژداین بۆ ئەوەی گەشتەکانی بەغدا رەوانەی فڕۆکەخانەی نەجەف بکەین.
دوێنێ ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) لە زاری دوو سەرچاوەی حکومەتی عێراقەوە بڵاویکردەوە، عێراق سەرجەم گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران هەڵدەپەسێرێت و رایاندەگرێت.
ئەم بڕیارەی عێراق دوای ئەوە هات کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو کۆمپانیا ئێرانییانەی سزایان لەسەرە، لە ماوەی دوو رۆژدا لە سەرانسەری جیهان دادەخرێن و کارەکانیان رادەگیرێت.