هاتووچۆی سلێمانی

چەند مەرجێک بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریی “گشتی” راگەیەندرا

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی مەرج و رێکارە پێویستەکانی بۆ ئەو شۆفێرانە بڵاوکردەوە کە دەیانەوێت مۆڵەتی شۆفێریی جۆری (گشتی) بە سیستمی پێشوو نوێ بکەنەوە.

بەشی مۆڵەت لە هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا کە ئاراستەی شۆفێرانی کردووە، داوا دەکات لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە، پابەندی ئەم بڕگە و مەرجانەی خوارەوە بن:

ئەو شۆفێرانەی کە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سەروو (7تۆن و نیو) یان پاسی سەروو (16 نەفەری) بەناویانەوەیە، دەبێت لە کاتی راپەڕاندنی مامەڵەکانیاندا، ساڵانەی رەسەن (ئەسڵی)ی ئۆتۆمبێلەکەیان پێ بێت.

ئەگەر شۆفێرێک بریکارنامەی بۆ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە گەورانە (بارهەڵگر یان پاس) بۆ کرابێت، پێویستە هەردوو بەڵگەنامەکە، ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکە و وەکالەتەکە بە شێوەی رەسەن (ئەسڵی) لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.

هاتووچۆی سلێمانی جەخت لە مەرجێکی سەرەکی دەکاتەوە کە بەبێ ئەو مەرجە مامەڵەکە ناکرێت، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکە کارا بێت و ماوەی بەسەرنەچووبێت.

روونیشى کردووەتەوە، ئەو کەسانەی وەک شۆفێری بارهەڵگری سەروو (7 تۆن و نیو) یان پاسی سەروو (16 نەفەری) لە فەرمانگەکانی حکومەت یان کۆمپانیاکاندا کار دەکەن، مەرجە لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیاندا نووسراوی پشتگیریی فەرمیی شوێنی کارەکانیان ئامادە بکەن و پێشکەشی بکەن.