نەخشەی چوار ساڵی داهاتوو

هەڵبژاردن تەواو.. بەنزیکەی هەموو هێزەکان بردیانەوە

+964

ژووری  هەواڵ

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئێوارە ئەنجامی بەرایی دەنگەکانی ئاشکرا کرد، بەپێی ئەو دەنگانە بێت بەنزیکەیی هەموو هێزەکان بردویانەتەوە بایی ئەوەندە کەرەستەیان لەبەردەستە جەماوەری خۆیان رازی بکەن.

گۆڕینی دەنگ بۆ کورسی هاوکێشەیەکی ئاڵۆزە، هەر بازنەیەک لەسەر بنەمای دەنگدەری خۆی دەبێت، ئەو کورسیانەش کە دەمێنێتەوە لەسەر بنەمای ”براوەی بەهێز – باقی الاقوی” دەنگی بەردەکەوێت، بۆیە هەتا کۆمسیۆن بە فەرمی و یەکلاکەرەوە راینەگەیەنێت، ناتواندرێت ژمارەی کورسی فەرمی لایەنەکان و ناوی کاندیدەکان رابگەیەندرێت.

ئەوەی ئێستا هەیە بە گریمانەیەکی نیمچە یەکلابووەوە کورسی هێزەکان بەم شێوەیەیە:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان: 23 کورسی
نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامی: 7 کورسی
هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەری: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانی (سۆسیالیست): 1 کورسی

بۆچی هەمووان براوە بوون؟
– پارتی دیموکراتی کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی شەش ساڵ لەمەوبەر 6 کورسی لە دەست داوە، بەڵام ژمارەی دەنگەکانی زیاد بووە، جەماوەرەکەشی لەوە رازین کە هێزی یەکەمە.
– یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دیسان بەراورد بە هەمان هەڵبژاردن دوو کورسی زیادی کردووەو دەنگیشی زیاد بووە، بەم ئەنجامە جەماوەرەکەی پێ رازی دەکرێت.
– نەوەی نوێ لە 8 کورسییەوە بووەتە 15 بەنزیکەیی دوو هێندە زیادی کردووەو گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنە.
– یەکگرتووی ئیسلامی دوو کورسی چووەتە سەر کورسییەکانی و بووە بە 7 کورسی.
– هەڵوێست لەیەکەم ئەزموونی هەڵبژاردندا 4 کورسی بەدەست هێناوە.
– کۆمەڵی ئیسلامی بەرچاوترین نموونەی پاشەکشەکردنە، چوار کورسی لەدەست چووەو سیانی ماوەتەوە.
– بەرەی گەل لەیەکەم ئەزموونی هەڵبژاردندا دوو کورسی چنگ کەوتووە.
– بزوتنەوەی گۆڕان راستە بەراورد بە هەڵبژاردنەکەی 2018 پاشەکشەکردووی هەرە گەورەیەو لە 12 کوسی تەنیا یەک کورسی بۆ ماوەتەوە، بەڵام ئەگەر خۆی بەراورد بکات بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، براوە بووە، هاتووەتەوە مەیدانەکەو لە هیچ کورسییەوە بووە بە یەک.
– سۆسیالیست تاکە کورسییەکی خۆی پاراستووە.

پێشتر ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن بۆ 964ی روونکردبووەوە کە کورسییەکان چۆن دابەش دەبن، لێرە ڤیدیۆکەی دادەنێینەوە