پشتیوان؛ کە نەخۆشی دەروونیشی هەیە
15 ساڵە پێ لە گۆڕەکەی دایکی نابڕێ و گۆڕی خۆشی دیاریی کردووە
دەریا ئەحمەد – کۆیە
لە کوچەیەکی کۆیە، چوار برا و خوشکێک سەرەڕای نەمانی دایک و باوکیان، هێشتا دەستیان بە نیشاندانی جوانییەکانی ژیانەوەیە، پشتیوانی برایان کە تەمەن 45 ساڵە، تا و دەرزەی هەڵە لە تەمەنی سێ ساڵی تووشی نەخۆشی دەروونی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەو دۆخەی خۆیدا، وا پانزە ساڵە هاوڕێی گۆڕستانە و رۆژ نییە بۆسەر گۆڕەکەی دایکی رێگە نەبڕێ.
خوشکەکەیان راگری ماڵەکەیانە، وا پانزە 15ساڵە دایکیان و چوار ساڵە باوکیان وەفاتی کردووە، تەنیا ئەوە خزمەتی برا نابیناکە و پشتیوان و براکەی دیکەی دەکات کە ئێمە چووین لە کرێکاری بوو، ویستم قسەمان بۆ بکات، بەڵام پێی باشبوو بە بێدەنگی بمێنێتەوە، ئەوەندەم زانی کاتی چوونی پشتیوانە بۆ گۆڕستان.
پشتیوان رازی نیە بە ئۆتۆمبێل هاتوچۆی پێ بکەن، رۆژێک بە ئۆتۆمبێل بیبەن، دواتر بەپێ پێنج کیلۆمەتر بۆ گۆڕستانەکە دەبڕێتەوە، لای ئەو بە ئۆتۆمبێل چوونە لای دایکی حیساب نییە.
لەگەڵ گەیشتنی بە گۆڕستان لەنێوان گۆڕەکەی دایکی و باوکی دادەنیشێ، کە کردوویەتی بە ماڵی خۆی، دەست دەکات بە خواردنی خەرمانە پڕ بەرەکەتەکەی گیرفانی، هەمووانیش دەزانن لە هەرکاتێکی رۆژەکەدا بێت پشتیوان دەگاتە لای گۆڕی دایکی، بۆیە هەر لە نزیکییەوە خواردنی تریشی بۆ دادەنێن.
پاش پشوویەکی باش، دەبەیەکی بەتاڵ دەگرێت بەدەستییەوە کە لە شوێنی تایبەتی خۆی دایناوە و دەست دەکات بە ئاودانی دار و گوڵەکانی دەورووبەر و سەر گۆڕەکانی دایک و باوکی.
لەوە دەچێت لەدوای مەرگی دایک و باوکی ئیتر ئەو شتێکی نەمابێت تا لەدەستی بدات هەر بۆیە تەنانەت شوێنی گۆڕەکەی خۆشی لەتەنیشت گۆڕی باوکیەوە دەستنیشان کردووە و دەڵێت لەوێ بمنێژن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا