بە بیانووی راوەستانی ئیش و کارەکانیان
لە بازاڕێکی خورماتوو دوکانداران رێگرن لە ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
ماوەیەکە شارەوانیی خورماتوو بەنیازە ناو بازاڕی کۆماریی قەزاکە قیرتاو و کۆنکرێت بکات، بەڵام بە وتەی هاوڵاتیان و شۆفێران، بەشێک لە دوکاندارانی بازاڕەکە، بە بیانووی راوەستانی ئیش و کارەکانیان و لابردنی زیادڕۆییەکانی پێش دوکانەکانیان، رێگرن لەوەی رێگاکە قیرتاو بکرێت.
مەرعی رەشید، بەڕێوەبەری شارەوانیی خورماتوو بە964ـی وت، “هەرچەندە، چەندین جار لەلایەن دوکاندارانەوە رێگری کراوە لە دەستپێکردنی پڕۆژەی کۆنکرێت و قیرتاوکردنی بازاڕەکە، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبونی سیولەوە پڕۆژەکە وەستاوە”.
وتیشی، “بەم نزیکانە بودجەیەکی تایبەت بە پڕۆژەکە خەرج دەکرێت و دەست دەکرێت بە تەواوکردنی، هێزی ئەمنی لەگەڵ تیمی جێبەجێکارانی پڕۆژەکە دەبن بۆ ئەوەی هیچ بەربەستێکیان بۆ دروست نەکرێت و بەزویی پڕۆژەکە تەواو بکەن”.
لە دوای رووداوە جیاجیاکانی ساڵی 2015ـەوە ھاوڵاتیانی کوردی قەزاکە، بازاڕی خۆیان جیاکردەوە و بازارێکی تایبەت بە خۆیان لە گەڕەکی کۆماری کردەوە بەناوی بازاڕی حەسەن قەوان، لەوکاتەوە بازاڕەکە بە فەرمی نەخراوەتە سەر پلاندانان و کۆنکرێت و قیرتاو نەکراوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری