لە 24 کاتژمێری رابردوودا
چوار حاڵەتی دەگمەنی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی فێرکاری تکریت تۆمارکرا
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە 24 کاتژمێردا چوار حاڵەتی دەگمەنی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی فێرکاری تکریت لە پارێزگای سەڵاحەدین تۆمارکراوە، یەکێک لە منداڵەکان لووتی نەبووە و یەک چاویشی هەبووە.
مستەفا مورشد، پزیشکی ئێشکگر لە نەخۆشخانەی فێرکاری تکریت بە 964ـی وت، “لە ماوەی 24 کاتژمێردا چوار منداڵ بە حاڵەتی دەگمەن لەدایکبوون، کە دووانیان پاش چەند کاتژمێرێک لە لەدایکبوونیان گیانیان لەدەستداوە، دوو منداڵەکەی دیکەش، یەکێکیان قەبارەی سەری لە لەشی گەورەترە و تووشی چەماوەیی بووە، ئەوەی دیکەشیان لووتی نەبووە و تەنیا یەک چاوی هەبووە”.
ئەو دوو منداڵە تاوەکو ئێستا لە ژیاندا ماون و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.
بەقسەی مستەفا مورشد، هۆکاری سەرەکی ئەو جۆرە حاڵەتانە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی خێزانی و هاوسەرگیری ئامۆزاکان، لەگەڵ نەبوونی پشکنینی پزیشکی و چاودێری پێویست لە ماوەی نۆ مانگی سکپڕیدا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری