دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا - وێنە؛ ئەرشیف
دۆناڵد ترەمپ:
“یان گەرووی هورمز دەکرێتەوە یان گورزێکی سەخت لە ئێران دەدەین”
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، یان بەمزووانە گەرووی هورمز دەکرێتەوە، یان گورزێکی سەخت لە ئێران دەوەشێنن.
دۆناڵد ترەمپ لە تازەترین لێدوانیدا رایگەیاند، “گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن و دەبینن لە 48 کاتژمێری داهاتوودا چی روودەدات، دۆخەکە زۆر خراپ دەبێت، ئەگەر نەگەینە رێککەوتن”.
“ئێرانییەکان نایانەوێ دان بەوەدا بنێن کە گفتوگۆ لەئارادایە، ئەگەر پاشەکشە بکەن، گورزێکی سەختیان بەردەکەوێ، خۆیشیان ئەوە دەزانن”، ترەمپ وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوێنێ سێشەممە رۆژێکی خۆش بووە بۆ گفتوگۆکان و ئێرانیش دەیهەوێ بگاتە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و نایهەوێ جارێکی دیکە هێرشی بکرێتەوە سەر.
هەرچەندە بەردەوام کاربەدەستانی ئێران رەتیدەکەنەوە لە گفتوگۆ و دانوستان دابن لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام دوێنێش مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، “پێشکەوتنی باشمان لە گفتوگۆکانی نێوانمان لەگەڵ ئێران بەدەستهێناوە بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەنجامێکی کۆتایی، بەڵام ئومێد هەیە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا بگەینە رێککەوتن”.