شەوى رابردوو رژا بوو
رێگاى زەڕایەن بۆ دەربەندیخان لە رۆنە رەشەکە پاککرایەوە
964+
وریا فەتاح
درەنگانێکى شەوى رابردوو تانکەرێکى سوتەمەنى هەڵگر، لەسەر رێگاى زەڕایەن بۆ دەربەندیخان رۆنەڕەشەى لێ رژاو بووە هۆى دروستبوونى ئاستەنگى هاتووچۆ، بەڵام ئەم بەیانییە کێشەى هاتوچۆ نەماوە و رێگاکە پاککراوەتەوە.
جاسم عەلیخان، بەڕێوەبەرى هاتووچۆى دەربەندیخان بە 964ـى وت،”درەنگانێکى شەوى رابردوو، لە نزیک گوندى قاشتى سووتەمەنییەکى زۆر لە تەنکەرێک رژاو بووە هۆى دروستبوونى ئاستەنگى هاتوچۆ لە رێگاى زەڕایەن بۆ دەربەندیخان”.
بە وتەى جاسم عەلیخان، سایدێک بە تەواوى داخرابوو، بەڵام هەر زوو مەفرەزەکانیان گەیشتونەتە شوێنەکە بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکە و هەر شەو پاککراوەتەوە و ئەم بەیانییە کێشەى هاتوچۆکردن نەماوە.
وەک باسى دەکات، بەهۆى پابەند نەبوون بە رێنماییەکانى هاتوچۆ و بارکردنى زیاد لە پێویست کە بووەتە هۆى لەسەر رژان، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکەدا گیراوە و رێکارى یاسایى بەرامبەر شۆفێرەکەى دەگیرێتەبەر.