کوردانی رۆژئاوا
“بۆ جاری سێیەم تابلۆی دادگای حەسەکەیان لابرد”
تیمی رۆژئاوای کوردستان
ئەمڕۆ شەممە بۆ جاری سێیەم گەنجانی کورد ئەو تابلۆیەیان لابرد کە بەسەر کۆشکی دادەوەیە لە حەسەکە، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە گرتنی وێنەیەک لە نزیکەوە کە ئەندامانی شاندی سەرۆک کۆمار و جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە، سیامەند عەفرینی لەخۆگرتبوو.
ئەم رووداوە دووبارە ئەوە دەردەخات، کوردانی رۆژئاوا و بە تایبەتی لە شاری حەسەکە، هەبوونی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ و ناونیشانە فەرمییەکاندا بە داواکارییەکی رەوا و بنەڕەتی خۆیان دەزانن، هەروەها سووربوون و پێداگرییەکی گەورەی خۆیان دەردەبڕن، بۆ ئەوەی زمانی کوردی بەشێکی سەرەکی بێت لە هەموو نووسراو و ناساندنە فەرمییەکاندا.
رۆژی 5ی ئەم مانگەش ژمارەیەک خۆپیشاندەر تابلۆی سەرەکی کۆشکی دادوەرییان لە شاری حەسەکە هێنایە خوارەوە، چونکە پێشتر بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی نووسرابوو، بەڵام دواتر زمانە کوردییەکەیان لەسەر لابرد و ناڕەزایی کوردانی رۆژئاوای لێکەوتەوە و ئەم کێشەیەش تا ئێستا بەردەوامە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا