تەقەکرا

ئەم بەرەبەیانییە لە کۆشکى سپى چى روویدا؟

964+

وریا فەتاح

ئێوارەى دوێنێ بە کاتى ئەمریکا و ئەم بەرى بەیانە بە کاتى کوردستان،  واشنتنی پایتەختی ئەمریکا شایەدی رووداوێکی ئەمنی مەترسیدار بوو، کاتێک لە کاتی بەڕێوەچوونی ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی لە هۆتێل “هێڵتۆن”، دەنگی تەقە بیسترا و بووە هۆی تێکدانی مەراسیمەکە و گواستنەوەی بەپەلەی دۆناڵد ترەمپ و جێگرەکەی.

چوارگۆشەی ئەمنی و دەستگیرکردنی تۆمەتبار هەر لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقەکان، هێزە ئەمنییەکان و بریکارەکانی دەزگای هەواڵگری (Secret Service) چواردەوری دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانسی جێگریان گرت و بە خێرایی لە هۆڵەکە بردیاننە دەرەوە. دواتر ئاشکرا بوو کە چەکدارێک پێش ئەوەی بچێتە ناو هۆڵەکەوە، لە دەرەوە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە.

زیانەکان بەپێی راپۆرتەکانی سی ئێن ئێن و فۆکس نیوز، دۆناڵد ترەمپ و میلانیای هاوسەری و جەی دی ڤانس بە تەواوی سەلامەتن. تەنیا بریکارێکی دەزگای هەواڵگری لە دەرەوەی هۆڵەکە لەلایەن چەکدارەکەوە تەقەی لێکراوە و بریندار بووە، بەڵام دۆخی تەندروستی جێگیرە و پێشبینی دەکرێت بە خێرایی چاک ببێتەوە.

ناسنامەی هێرشبەرەکە رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی (کۆل تۆماس ئالن)ە، تەمەنی 31 ساڵە و خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە. دەستبەجێ دوای دەستگیرکردنی، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر شوقەکەی لە کالیفۆرنیا بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە.

یەکەم لێدوانی ترەمپ دوای رووداوەکە دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ستایشی ئازایەتی هێزە ئەمنییەکانی کرد و وتی: “بریکارەکانی دەزگای هەواڵگری کارێکی خەیاڵییان کرد، ئەوان داوایان لێکردین شوێنەکە چۆڵ بکەین و ئێمەش دەستبەجێ جێمان هێشت.”

سەبارەت بە ئەگەری دەستی دەرەکی، ترەمپ رایگەیاند: “باوەڕناکەم رووداوەکە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت، بەڵام لێکۆڵینەوەی ورد دەکەین.” هەروەها داوای لە ئەمریکییەکان کرد کە ناکۆکییە سیاسییەکان بە ئاشتیانە چارەسەر بکەن و پەنا بۆ توندوتیژی نەبەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە یەکەمجار نییە هەوڵی لەو شێوەیە دەدرێت.

هەڵوێستی لایەنە ئەمنییەکان دەزگای FBI و خزمەتگوزاری نهێنی جەخت دەکەنەوە کە تۆمەتبارەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی داوە. ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئاستێکی بەرزدایە، بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەک بۆ پەیوەندی نێوان هێرشبەرەکە و لایەنی دەرەکی نەدۆزراوەتەوە.