300 هەزار لیتریان لێ کەمکراوەتەوە
پەتای سەرەگرتن بۆ بەنزین کەرکویشی گرتەوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
پەتای سەرەگرتن بۆ بەنزین کەرکویشی گرتەوە دوای ئەوەی بەغدا بە بیانووی جەنگ و قەیرانەوە، 300 هەزار لیتر بەنزینی رۆژانەی شارەکەی بڕی.
سەرچاوەیەکی تایەت لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک بە 964ـی وت، “جاران کەرکوک رۆژانە بڕی یەک ملیۆن و 900 هەزار لیتر بەنزینی حکومی وەردەگرت و لە رێگای نزیکەی 90 بەنزینخانەوە دابەشی دەکرد، بەڵام وا چەند رۆژێکە بەبیانوی جەنگ و قەیرانی بەنزین لە شارەکانی دیکەی عێراق، بەشە بەنزینی کەرکوک بۆ یەک ملیۆن و 600 هەزار لیتر کەمکراوەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کەرکوک 350 هەزار ئۆتۆمبێل لە رێگای کۆبۆنەوە بەنزین وەردەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی قەیرانی غازی ئۆتۆمبێل لە جۆری LPG نزیکەی 25 هەزار ئۆتۆمبێلی غاز، بەناچاری بە بەنزین ئیش دەکەن، ئەوەش وادەکات ئەو بەنزینەی ئێستا بەشیان نەکات .
هەرچەندە 23 ساڵ بەسەر پڕۆسەی ئازادی عێراق تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا کەرکوک خاوەن پاڵاوگەی خۆی نییە و رۆژانە لە پاڵاوگەکانی بەغدا و بێجی و بازیان و کەربەلا، بەنزینی بۆدەچێت.
لە کەرکوک سێ جۆر بەنزینی حکومی بە کۆبۆن دابەش دەکرێت، کە نرخی یەک لیتری بەم شێوەیەیە، بەنزینی عادی لیتری بە 450 دینار، موحەسن بە 850 و سوپەریش لیتری بە هەزار و 250 دینارە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری