دوو رۆژ تێپەڕی
گەڕان بەدوای تەرمی ئەو گەنجەی لە رووباری سیروان خنکا بەردەوامە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوو رۆژ تێپەڕی و تەرمی ئەو گەنجەی لە رووباری سیروان خنکا نەدۆزرایەوە.
دوێنێ شەممە 21.9.2024 گەنجێکی دانیشتوی ناحیەی رزگاری بە ناوی ئەحمەد حوسێن تەمەن 37 ساڵ لەگەڵ ھاوڕێیەکی لە نزیک گوندی شێخ لەنگەر چووە سەر رووباری سیروان بە مەبەستی مەلەکردن و خنکا.
ئەمڕۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانیی گەرمیان و خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە لە بەرەبەیانەوە گەڕانیان بەدوای تەرمەکە دەستپێکرد، بەڵام نەیانتوانی بیدۆزنەوە.
ئەنوەر ئیبراهیم سەرپەرشتیاری تیمی غەواسی سەر بە بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە 964ـی وت، “سبەینێ تیمێکی تر زیاد دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی تەرمی ئەو گەنجە بدۆزینەوە”.
ئیبراهیم محەمەد وتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە 964ـی وت، “لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا پێنج کەس لە رووباری سیروانـدا خنکاون و سێ کەسیش لە خنکان رزگار کراون.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری