گۆڵچییەکەش هى خۆمانە
کچانى رۆژئاوا هەڵبژاردەى سوریایان کردە پاڵەوان
964+
گەرناس مەعۆ
کچانى کوردى رۆژئاواى کوردستان هەر شەڕڤان و پارێزەرى خاکى خۆیان نین، لە بوارى وەرزشیشدا پاڵەوان و لێهاتووییەکەیان وایان کرد، هەڵبژاردەى کچانى تازەپێگەشتوانى سووریا ببنە پاڵەوانى رۆژئاواى ئاسیا.
لە پێکهاتەی سەرەکیی هەڵبژاردەکەدا شەش یاریزانی کورد روڵێکی کارا و یەکلاکەرەوەیان هەبوو لە تۆمارکردنی ئەم سەرکەوتنە مێژووییەدا. لە سەرووی هەموویانەوە، میدیا شوکت عەکۆ، گۆڵپارێزی کوردی هەڵبژاردەکە، توانی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی پاڵەوانێتییەکە بباتەوە.
میدیا لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی لوبنان بووەوە و رۆڵێکی بەرز و دیاری بینی، دوای ئەوەی یارییەکە درێژەى کێشا بۆ لێدانە سزاکان (پێنالتی)، توانی بە لێهاتووییەوە دوو لێدانی سزا بگەڕێنێتەوە و جام و نازناوی پاڵەوانێتییەکە بۆ هەڵبژاردەکەی مسۆگەر بکات.
هەربۆیە کاتێک میدیا گەڕایەوە بۆ شارەکەى خۆى کە قامیشلۆیە، بە گوڵ و ئاهەنگى دڵخۆشییەوە وەک پاڵەوان پێشوازى لێکرا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح