"پێم وتیت دەگەینە یارى کۆتایى مۆندیال"

مێسى بۆ باوکى کۆچکردوویى: نازانم بێ تۆ چۆن بەردەوام دەبم


وریا فەتاح

لە پەیامێکی پڕ لە سۆز و خەمگینیدا بۆ کۆچی دوایی باوکی خۆرخێى باوکى، لیۆ مێسى ئەفسانەى تۆپى پێى ئەرجەنتین ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا ناتوانێت باوەڕ بە رۆیشتنی بکات و قبوڵکردنی ئەو راستییەی بۆ قورسە.

لە پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات کە باوکی زۆر سوور بووە لەسەر ئەوەی بەشداری دوایین مۆندیال بکات، بۆیە ئەویش هەموو هەوڵێکی داوە بگاتە یاریی کۆتایی تەنیا بۆ ئەوەی کات بە باوکی بدات تا چاک ببێتەوە و ئامادەی یارییەکە بێت.

مێسى لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “ویستم جامەکە ببەمەوە و بۆت بهێنم، بەڵام جەستەم یارمەتیدەر نەبوو و نەمانتوانی ببینە پاڵەوان، ئەوە تاکە شتە کە نەمانتوانی پێکەوە قسەی لەسەر بکەین.”

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، گومان دەخاتە سەر داهاتووی خۆی لە تۆپی پێدا و دەڵێت: “نازانم بێ تۆ چۆن بەردەوام بم، من تەنیا یاریی تۆپی پێم دەکرد، بەڵام ئێستا گومانم هەیە بتوانم بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بم.”
لە کۆتاییدا سوپاسی باوکی دەکات کە هەمیشە وەک باوک، هاوڕێ و بەڕێوەبەری کارەکانی لە پشتی بووە، بەڵێنیش دەدات کە هەمان ئەو پەروەردەیەی باوکی پێی داوە، بیگوازێتەوە بۆ منداڵەکانی.

دەقی پەیامەکە:
بابە، هێشتا ناتوانم باوەڕ بکەم کە رۆیشتوویت. هێشتا درکم بەو راستییە نەکردووە، یان راستتر بڵێم، نامەوێت باوەڕی پێ بکەم. زۆر قورسە بۆم بێنمە بەرچاوی خۆم کە ئیتر جارێکی تر ناتبینمەوە، کە ئیتر قسە ناکەینەوە. دەزانم ئازارت دەچێشت و ئەمە باشترە، بەڵام زۆر زوو رۆیشتیت. هێشتا زۆرمان مابوو پێکەوە چێژی لێ ببینین.
زۆر داوات لێ دەکردم کە دوایین مۆندیال یاری بکەم، بەڵام چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی، دۆخی تەندروستیت زۆر خراپ بوو. ئەوە یەکەمجار بوو کە لە پاڵەوانێتییەکدا لەگەڵم نابیت، بەڵام دایکم پێی دەوتم کە باشتر دەبیت و تەندروستیت باش دەبێت بۆ ئەوەی بتوانیت گەشت بکەیت. منیش پێتمدەوت کە دەگەینە یاریی کۆتایی تەنیا بۆ ئەوەی بتوانیت بێیت و گەشت بکەیت.
هەموو جارێک کە یارییەک تەواو دەبوو، چاوەڕێم دەکرد و بیری نامەکەی تۆم دەکرد. هەر لەوێدا تێگەیشتم کە بەڕاستی دۆخەکە خراپە. سەرەڕای ئەوەش، هەرگیز لەوە نەدەوەستام کە بیر لەوە بکەمەوە بگەینە دوورترین قۆناغ، بۆ ئەوەی کاتت پێبدەم و بتوانیت یەک یاری ببینی. گەیشتینە یاریی کۆتایی و تۆ نەتوانی لەوێ بیت. دەمویست بیبەمەوە بۆ ئەوەی بۆت بهێنم و جامێکی نوێت نیشان بدەم. نەمتوانی، قاچەکانم زیاتر یارمەتیان نەدام. ئەمجارە هەوڵمدا دژی جەستەی خۆم بوەستمەوە، بەڵام نەمتوانی. هەرگیز نەمتوانی هەست بە باشی بکەم.
کاتێک گەیشتمەوە لام، وا دەزانی کە یاریی کۆتاییمان بە لێدانە سزاکان دۆڕاندووە. نەمانتوانی قسە لەسەر هیچ شتێک بکەین لەو شتانەی روویاندا. نەتوانی چێژ لە هیچ شتێک ببینی. ئێمە نەبووینە پاڵەوان، بەڵام نازانیت چەندە چێژمان لە هەر یارییەک بینی. جارێکی تریش، تۆ راستت دەکرد: دەبوایە لەوێ بم و یاری بکەم.
ئەمەت بۆ باس دەکەم چونکە ئەمە تاکە شت بوو کە نەمانتوانی قسەی لەسەر بکەین، چونکە هەموو شتەکانی تر خۆت دەیانزانیت. ئێمە هەموو رۆژێک قسەمان دەکرد و کاتێک بەهۆی کارەکانمەوە دەرفەت هەبوایە یەکترمان دەبینی.
نازانم بێ تۆ چی بکەم، نازانم چۆن بەردەوام بم. من تەنیا یاریی تۆپی پێم دەکرد و ئێستا گومانێکی زۆرم هەیە کە بتوانم بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بم. لە سەرەتاوە لە تەنیشتم بوویت، زۆر کەم مابوو بۆ کۆتایی. بۆچی بەرگەی ئەو کەمەت نەگرت بۆ ئەوەی پێکەوە کۆتایی پێ بهێنین؟
دەزانم دڵخۆشیی تۆ لەوەدا بوو کە خێزانەکەت، هاوسەرەکەت و منداڵەکانت بە باشی ببینی، و لە سەرووی هەمووشیانەوە، بێ ئەوەی ئەوانی تر بزانن، بینینی یارییکردنی من بوو.
لە منداڵییەوە هەمیشە وابوو. هەر کە لە کار دەگەڕایتەوە، منت دەبرد بۆ هەموو راهێنانەکان. زۆرجاریش دایکم دەیبردم چونکە تۆ لەسەر کار بوویت. بێگومان، لە یارییەکانیشدا هیچ یارییەکت لەدەست نەدەدا. چەندە ئازارت دەچێشت کاتێک سەیرت دەکردم و چەندەش چێژت لێ دەبینی، هەرچەندە هەرگیز زۆر پیاهەڵدانت بۆ نەدەکردم.
تۆ باوک، هاوڕێ و بەڕێوەبەری کارەکانم بوویت. هەمیشە لە هەموو کاتێکدا ئەو کەسە بوویت کە دەبوایە ببیت و هەرگیز لە هیچ شتێکدا هەڵەت نەکرد. سەرەڕای هەندێک گلەیی یان دەمەقاڵێ، هەمیشە تۆ راستت دەکرد. لە کۆتاییدا هەر وا دەرچوو کە تۆ دەتگوت.
زۆر بیرت دەکەم، بەڵام هەمیشە لەگەڵم ئامادە دەبیت، بەتایبەتی لە پەروەردەکردنی منداڵەکانمدا، چونکە بەو شێوەیە فێریان دەکەم و پەروەردەیان دەکەم کە ئێوە منیان پێ پەروەردە کرد.
بە ئارامی بخەوە و لە سەرەوە چاودێریمان بکە وەک چۆن لێرە دەتکرد. سوپاس بۆ هەموو شتێک.
خۆشم دەوێیت، بابە. ❤️