دەربەندییەکان مانگرتن رادەگەیەنن
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بەشێک لە چالاکوانانی شارۆچکەی دەربەندیخان رۆژی یەکی شوبات دەست بە مانگرتن دەکەن. یەکێک لە هەڵسوڕێنەرانی مانگرتنەکەش دەڵێت، تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان مانگرتنەکە ناشکێنن.
تۆڕی964 دەزانێت، ئامانجی مانگرتنەکە بۆ جێبەجێکردنی سێ داواکارییە، رەتکردنەوەی پێوەری ئاو و پێوەری زیرەکی کارەبا، هەروەها تەواوکردنی پاڵاوگەی ئاوی خواردنەوەی شارەکە.
زەردەشت دەربەدنی، یەکێک لە هەڵسوڕێنەرانی مانگرتنەکە بۆ تۆڕی964ـی ئاشکرا کرد: سبەینێ یەکشەممە دوایین کۆبوونەوە دەکرێت و بڕیار لە شوێنی مانگرتنەکە دەدرێت.
دەشڵێت: ساڵانێکە ئەو داواکارییانەمان هەیە و جێبەجێ نەکراون، بۆیە تا لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیەنە سەر خەت و جێبەجێیان نەکەن ئێمە مانگرتن ناشکێنین.
تۆڕی964 پەیوەندیی سلێمان محەمەد، قائیمقامی دەربەندیخانەوە کرد، ناوبراو وتی “ئەو داواکارییانە هی خەڵکی دەربەندیخانن و رەوان”، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبوو لەسەر مانگرتنەکە هیچ لێدوانێک بدات.