چەند بڕیارێکی دەرکرد "بە رووخۆشی پێشوازیان لێبکەن"
شارەوانی هەولێر کار لەسەر کەمکردنەوەی رۆتین بۆ هاوڵاتیان دەکات
فەرهاد حەسەن
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، سەرجەم سەرۆک بەش و هۆبە و سەرۆک لیژنەکانی کۆکردەوە و کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان، ئەنجامداو چەند بڕیارێکی دەرکرد.
لەمەودوا ئەو کەسەی رێی لە شارەوانی هەولێر بکەوێت کارەکانی خێراتر لەجاران بۆ رایی دەکرێت، هەماهەنگی نێوان بەش و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان زیاتر دەکرێت بۆ ئاسانکاری هاونیشتیمانیان و کاریش دەکەن بۆ بەدیجیتاڵکردنی زانیاری و داتاکان بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی سەردەمیانە.
شارەوانی دەڵێت، جێبەجێکردنی داواکارییەکان بەپێی رێنماییە یاساییەکان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هەموو چین و توێژەکانە و پاڵپشتی تەواویشیان بۆ فەرمانبەران دووپاتکردەوە و رێنماییان پێدرا کە پێویستە بە رووخۆشی و هاوکارییەوە پێشوازی لە هاوڵاتیان بکەن بەبێ هیچ جیاوازییەک.