ئیتیحاد دەبێتە 144ـەمین کەنیسەی مەسیحییەکان لە کوردستان

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەردی بناغەی کەنیسەیەکی نوێ لە شارۆچکەی عەنکاوە لە شاری هەولێر دانرا، بە وتەی نوێنەری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف شەش ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بودجەکەیەتی و دەبێتە 144ـەمین کەنیسە لە هەرێم.

بەردی بناغەی کەنیسەکە دوێنێ پێنجشەممە دانرا و بودجەکەشی لە لایەن ده‌زگای سه‌مێریتان پێرس، كه‌ گه‌وره‌ترین ده‌زگای خێرخوازی مه‌سیحییه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان تەرخانکراوە.

 خالید ئەلبێرت، بەڕێوبەری گشتیی کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی ھەریمی کوردستان بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: کەنیسەکە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا تەواو دەکرێت و بۆ نوێژکردن تیایدا ئامادە دەبێت.

پێشیوایە، زۆربوونی کەنیسەکان لە هەرێمی کوردستان دڵنیایی زیاتر دەداتە ئەو 300 هەزار هاوڵاتییە مەسیحییەی لە هەرێمی کوردستاندا دەژین.