راهێنانیان بینیوە
لە هەڵەبجە 15 کارمەندی تەندروستی ئاگایان لە هەرزەکاران دەبێت
964+
ژووری هەواڵ
لە هەڵەبجە کارمەندانی تەندروستی فێری ئەوە دەکرێن کە چۆن رێنمایی تەندروستی بدەن بە هەرزەکاران و گیروگرفتی ئاڵودەبوون و دەروونیان بۆ چارەسەر دەکەن، نەتەوەیەکگرتووەکان و بەریتانیاش هاوکارن لەم کارەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.8.2024، تەندروستی هەڵەبجە بڕوانامەی دابەشکرد بەسەر ئەو کارمەندانەی کە بەشداربوون لە خولی بەهێزکردنی سیستەمی تەندروستی هەرزەکاران لە عێراق.
ئەکرەم محەمەد ئاغا، بەڕێوبەری خۆپاراستنی تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی وت، دەرچووانی خولەکە 15 کارمەندی تەندروستین، پێنج رۆژ راهێنانیان پێکراوە و دابەشدەکرێن بەسەر هەڵەبجە و قەزا و ناحییەکانی دەوروبەری بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزای پزیشکی بۆ کەسانی تەمەن 10 بۆ 20 ساڵ.
“بۆ نمونە یەکێک لەو خزمەتگوزاریانەی کە پێشکەشدەکرێت بۆ ئەو ئافرەتانەیە کە پێش تەمەنی 18 ساڵ هاوسەرگیری دەکەن و دووگیان دەبن، رێنمایی و چاودێری تایبەتیان پێشکەشدەکرێت”، ئەکرەم محەمەد ئاغا وای وت.
دەرچووانی خولەکە چاودێری وردی ئەو هەرزەکارانەش دەکەن کە ئاڵودەی جگەرە، مادە هۆشبەرەکان و کحول دەبن.
“بۆ هەر ناوچەیەک کارمەندێکمان داناوە بۆیەوەی بتوانین پێڕابگەین بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان”، بەڕێوبەری خۆپاراستنی تەندروستی هەڵەبجە وای وت.
پرۆژەکە چارەسەرکردنی ئەو توندوتیژییە خێزانیانەش دەگرێتەوە کە پەیوەستن بە کەسانی هەرزەکار.