ژمارەیەکی دیکەش ئاگادارکرانەوە

چەند نۆرینگە و کلینێکێک لە رانیە و چوارقوڕنە داخران

شۆڕش قادری

بەهۆی رەچاونەکردنی رێنماییەکانی تەندروستی، چەند نۆرینگە و کلینێکێک لە رانیە و چوارقوڕنەی دەڤەری راپەڕین داخران و خاوەنەکانیان سزا دران.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین چەند وێنەیەکی ئەو شوێنانەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “ئەمڕۆ سێشەممە 30.6.2026 دوای دەوامی فەرمی، تیمەکانی بەشی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیمان بە ئامادەبوونی نوێنەری ئاسایش و نوێنەری سەندیکا پەیوەندیدارەکان، چەند دەرمانخانە و نۆرینگەی تەندروستی و تاقیگەی پزیشکی و کلینیکی ددان و نەخۆشخانەی تایبەتیان لە قەزای رانیە و ناحیەی چوارقوڕنە بەسەرکردەوە”.

دوای پشکنین و بەدواداچوونی وردی لیژنەکە، ئەم بڕیاڕ و راسپاردانەی خوارەوە دراون؛

یەکەم: هەریەک لە نۆرینگە تەندروستییەکانی (بیارە، شازاد، ئانیا) و (کلینکی ددانی دکتۆر فەرهاد) داخران و پێبژاردنیان بۆ کرا.

دووەم: هەریەک لە نۆرینگە تەندروستییەکانی (نالی ، شاکر ، سیا) و (تاقیگەی پزیشکی کوردسات) پێبژاردن و ئاگادار کردنەوەیان بۆ کرا.

سێیەم: دەرمانخانەی ساریا لە چوارقوڕنە پێدانی ڕێنمایی و راچەتەی سوور.

چوارەم: هەریەک لە (نۆرینگەی تەندروستی کوردسات) و (تاقیگەی دایک) و (نۆرینگەی تەندروستی عمر) و (نۆرینگەی تەندروستی هەنار) و (کلینیکی پزیشکی ددانی سۆنیا) و (کلینیکی ددانی رزگار سعید) و (کلینیکی ددانی د.عبداللا محمد) ئاگادار کرانەوە و رێنماییان پێدرا.

پێنجەم: هەریەک لە تاقیگە پزیشکییەکانی (لیزا، موسی، راستی، ئومێد)، کلینیکی ددانی (د.فرمان فاضل) دەست خۆشیان لێکرا.