کێشەی نەما

سایلۆی سەیدسادق: گەنمی ناو پلان و دەرەوەی پلان وەردەگرین

ئەحمەد مستەفا

سایلۆی سەیدسادق رایگەیاند، لە ئێستاوە بۆ بەرهەمەکانی دەرەوەی پلان و ناوەوەی پلان هیچ کێشەیەکی نەماوە، بۆیە داوا لە جوتیاران دەکەین کە گەنمەکانیان رادەست بکەن.

چەند رۆژێک بوو جوتیارەکان ناڕەزایەتی ئەوەیان هەبوو، تەنیا ئەو بڕەی وەزارەتی بازرگانی دیاری کردووە لە جوتیار وەردەگیرێ، بەڵام ئێستا بڕیارەکە سەرجەمی بەرهەمی گەنم دەگرێتەوە.

سایلۆکە توانای وەرگرتنی 40 ھەزار تۆن گەنمی ھەیە، لە ھەریەک لە پارێزگای ھەڵەبجە و قەزاکانی سەیدسادق، شارەزوور، دەربەندیخان، پێنجوێن و ناحیەی ناڵپارێز و بەرزنجەوە جوتیاران گەنمی بۆ دەبەن.

سایلۆی سەیدسادق ئەمڕۆ سێشەممە 30.6.2026 بڵاوی کردەوە، داوا لە سەرجەم جوتیاران دەکەین کە بەبێ دوودڵی سەرپشک بن لە رادەستکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان بە سایلۆکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستاوە دەرەوەی پلان و ناوەوەی پلان هیچ کێشەیەکی نەماوە و پڕۆسەکە بە باشی رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت