"لە دۆخێکی خراپدان"

دایک و منداڵێکی کورد زیاتر لە دوو ساڵە لە زیندانی ورمێ بەندکراون

شۆڕش قادری

دایک و منداڵێکی کورد زیاتر لە دوو ساڵە لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەندکراون و لە دۆخێکی خراپدان.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، “سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار لەگەڵ منداڵە دوو ساڵ و دوو مانگانەکەی بە ناوی ئاڵا، لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ زیندانى کراون”.

“منداڵەکەی سوعدا لەم دواییانەدا و بەهۆی پیسیی ژینگەی زیندان و نەبوونی سیستەمی فێنککەرەوەی گونجاو و گەرمای زۆر، تووشی هەستیاری پێست بووە و بەرپرسانی زیندان رێگری لە گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندان دەکەن”، هەنگاو وادەڵێت.

سوعدا خەدیرزادە پاییزی ساڵی 2020 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پیرانشارەوە دەستگیرکراوە و دواتر دادگای تاوانەکانی لقی یەکی مهاباد، بە تۆمەتی سیاسیی و ئەندامێتی یەکێک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سزای 12 ساڵ و شەش مانگ زیندانیی بەسەردا سەپاندووە.

هەر بەپێی راپۆرتەکەی هەنگاو، “سوعدا خەدیرزادە 21.6.2022 لە نەخۆشخانەیەکی ورمێ، بە نەشتەرگەریی سزاریەن منداڵی بووە و دوای رۆژێک و بە بێ تێپەڕاندنی ماوەی دەرمان و چارەسەریی پێویست، لەگەڵ کۆرپەلەکەی بۆ زیندانی ورمێی گەڕێندراونەتەوە”.