پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکات

وەزیری پەروەردە بەدەم داواکاری مامۆستایان و قوتابیانی کەلارەوە چوو

شۆڕش قادری

وەزیری پەروەردە بەدەم داواکاری مامۆستایان و قوتابیانی کەلارەوە چوو و بڕیاریدا سەرجەم پێداویستییەکانی قوتابخانەی لانەی بنەڕەتی دابین بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 22.9.2026 مامۆستایان و قوتابیانی پڕۆژەی لانە سیتی لە کەلار  دژی خراپی قوتابخانەکەیان و بێ وەزعیان گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی.

کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان رایگەیاند، د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتییەکەی راسپاردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون بۆ هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی قوتابخانەكە لە زووترین کاتدا و بەڵێنیشی داوە هەموویان دابین بکات بۆئەوەی قوتابیان لە ژینگەیەکی سەلامەتدا بخوێنن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان دوو پلانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، یەکێکیان درێژخایەن و ئەوەی دیکەیان کورتخایەن؛

پلانی کورتخایەن ئەوەیە کە لە ناوەڕاستی لانەسیتی شوێنێکی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەی پەروەردەیی هەیە، لەوێ بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردە بە دابینکردنی پێداویستییەکان، شوێنێکی گونجاو دروست بکرێت بە کابینەی مۆدێرن و شوێنێکی شایستە، تاوەکو قوتابیان و خوێندکاران بۆ ماوەیەکی کاتی لەوێ بمێننەوە.

پلانی درێژخایەنیش ئەوەیە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە هاوکاری قایمقامیەت و لایەنی پەیوەندیدار کار جددی بکەن بۆ تەواوکردنی رێکارە ئیدارییەکان تا پڕۆژەی دروستکردنی بینای قوتابخانەکە لەناو لانە سیتی تەواو بکرێت بۆئەوەی وەکوو هەموو گوند و سیتییەکانی تر خاوەنی قوتابخانەی خۆیان بن.