ئەمشەو دوا دەرفەتە
داواکاری هەیە لێخۆشبوون لە قەرزی کارەبا درێژبکرێتەوە
سلێمانی – رازاو محەمەد
ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆتا رۆژی دانەوەی قەرزی کارەبایە بە داشكاندنەوە گەرچی داواکاری هەیە درێژبکرێتەوە، قەرزەكە هی پێش پرۆژەی روناكیە و دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا لە سلێمانی تا کاتژمێر 9:00ی شەو بەڕووی هاوڵاتیان کراوەیە.
هەروەها، تا کاتژمێر 12:00ی شەویش خەڵک دەتوانن لە رێگەی ئیپسووڵەوە قەرزەکانی کارەباکەیان بدەنەوە.
ئەم ئێوارەیە پەیامنێری 964، چووە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای رۆژئاوای سلێمانی، وەک پێشتر نەبوو چۆڵی پێوە دیارە و هاوڵاتییان تاکە تاک دەبینرێن بۆ دانەوەی قەرزەکانیان و سوودوەرگرتن لە داشکاندنەکە بچن.
چەند هاوڵاتییەک بۆ مایکی 964 قسەیان کردووە و هیوا دەخوازن ماوەی داشکاندنەکە درێژ بکرێتەوە و لە هەموو سێکتەرەکاندا ئەم جۆرە داشکاندنە جێبەجێ بکرێت.
یەکێک لە هاوڵاتییانە دەڵێت، ملیۆنێک دینارم لابووە، بە داشکاندنی سەدا 50 توانیوومە تەنیا 500 هەزار دیناری بدەم، ئێستا وا هەست دەکەم حکومەت 500 هەزار دیناری پێداوم.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا