"لەفەفرۆشەکە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە"

بەدواداچوون بۆ ئەگەری ژەهراویبوونی کەسانی دیکە لە هەولێر دەکرێت

شۆڕش قادری

ژمارەیەک لەو کەسانەی بەهۆی خواردنی لەفە لە هەولێر ژەهراوی بوون، هێشتا لە نەخۆشخانە ماون و بەدواداچوونیش بۆ ئەگەری ژەهراویبوونی کەسانیتر دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستی لە ژەهراویبوونی چەند کەسانێک بە خواردن لە کوشکێکی خۆراک لە گەرەکی فەرمانبەران، دەستبەجێ تیمەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر، گەیشتنە شوێنی مەبەست و دوای بەدواداچوون بریادرا رێکاری یاسایی بەرامبەریان وەربگیرێت”.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسانەی ژەهراویبوون، لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگاری داخڵکراون و باری تەندروستیان جیگیرە و بەدوداچوون کراوە لە ئەگەری ژەهراویبوونی کەسانیتر.

بەشێکی زۆر لە نەخۆشەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست و باشبوونی دۆخی تەندروستییان، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، بەشێکی دیکەیان هێشتا لە ژێر چاودێری و چارەسەری تیمە پزیشکییەکاندان.

ئیوارە ئەمڕۆ لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر، زیاتر لە 60 کەس کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، ژەهراویبوون و دەوترێ بەهۆی خواردنی لەفەی سەر جادە ئەو بەڵایەیان بەسەرداهاتووە.