كێبڵی قرتاندووە

تانكەرێك لە دوکان كەتنی نایەوە و كارەبای كەپرە گەشتیارییەكانی بڕی

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

تانكەرێكی سووتەمەنی لەبەری سارتكەی دوكان خۆی کێشا بە كێبڵێكی كارەبا و بەهۆیەوە كارەبای كەپرە گەشتیارییەكانی سەر زێی دوكان بڕا.

رووداوەکە بەهۆی خێرایی تانكەرەكە و بەرتەسكبوونەوەی رێگاكە بەهۆی وەستانی ئۆتۆمبێل لە شوێنە گەشتیارییەكان روویداوە و یەكەم حاڵەت و رووداوی رێگا بەدیلەكەی پردەكەی دوكانە.

چەند رۆژێکە پردە کۆنەکەی دوکان بەهۆی نۆژەنکردنەوە داخراوە و کاری تێدا دەکرێ، لەبەر ئەوە لەئێستا هاوڵاتیان و شۆفێران بەسەر پردە تازەکە و بەری سارتکەدا و بەتەنیشت کەپرە گەشتیارییەکان هاتوچۆ دەکەن.

مەعروف كەریم بەڕێوەبەری سیانەی كارەبای دوكان بە 964ـی وت، “ئاگادار كراوینەتەوە بەخێرایی كارەبای فیدەری ماڵەكانی سارتكە ببڕین، چونكە تانكەرێكی سوتەمەنی خۆی كێشاوە بە كێبڵێكی گواستنەوەی كارەبای كەپرەكان و كێبڵەكەش قرتاوە و كەوتووەتەسەر بەشی تانكییەكەی و لەبەر مەترسی تەقینی، كارەبامان لە شوێنەكە كوژاندەوە”.

“دوای داخرانی پردە کۆنەکە، رێگای بەری سارتکە لۆدی زۆری لەسەرە، ئەو تانکەرەش بە قەراغی جادەکەدا رۆیشتووە، لەکێبڵەکە گیربووە و قرتاندوویەتی”، مەعروف کەریم وای وت.

ئاماژەی بەوەشكرد، رووداوەكە هیچ زیانێكی لێ نەكەوتووەتەوە تەنیا ئەو قرتاویەی كە هەبوو چاك کراوەتەوە و لە چەند خولەکێکی دیکە کارەبا دەگەڕێتەوە کەپر و ماڵەکان.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری