دوکاندارانی “دژە پارکینگ” بە کەفالەت ئازاد بوون

+964
هونەر فارس- کەلار

بەهۆی رێگریکردنیان لە وەستانی ئۆتۆمبێل لە بەردەم دوکانەکانیان، 24 دوکانداری کەلار لەسەر سکاڵای کۆمپانیایەکی پارکینگ تەوقیفکران، دواتریش به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكران.

دوای سکاڵای کۆمپانیایەکی پارکینگ لە قه‌زای کەلار، دژی ئەو دوکاندارانەی رێگە لە وەستانی ئۆتۆمبێل لە بەردەم دوکانەکانیان دەگرن، ئەمڕۆ 24 دوکاندار لە لایەن بنکەی پۆلیسی کەلارەوە تەوقیفکران، دواتر بە کەفالەت ئازادکران.

دیار تاریق یەکێک لەو دوکاندارانەی بە ده‌سته‌به‌ری “کەفالەت” ئازادکراوە، بە تۆڕی 964ی وت “دوای سکاڵای کۆمپانیاكه‌، ئەمڕۆ براینە دادگا و لەلایەن دادوەرەوە پێمانووترا دەست لە بەردەم دوکانەکانمان هەڵگرین بۆ کۆمپانیاكه‌”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکە رەچاوی قەرەباڵغی ناکات و شوێن بۆ ئۆتۆمبێلی خێرا و حاڵەتی پێویست ناهێڵێتەوە، هه‌روه‌ها ناهێڵێت بەردەم دوکانەکان بۆ ئۆتۆمبێڵی دوکاندارەکان بن.

لەو بارەیەوە ئاراز محەمەد، كه‌ چالاکوانه‌ بۆ تۆڕی 964 قسه‌ی كرد “كۆمپانیاکە هێشتا خۆی سکاڵای لەسەرە و کەموکوڕییەکانی چارەسەر نەکردووە، كه‌چی سکاڵای لە دوکاندارەکان کردووە”.

لە بارەی کەموکوڕییەکانی کۆمپانیاکەوە، ئه‌م چالاكوانه‌ وتی “دەبێت کامێرای چاودێری و جلوبەرگی تایبەت بە کارمەندیان هەبێت، رێگە بە وەستانی دوو ئۆتۆمبێل و سێ ئۆتۆمبێل نەدەن، بەڵام تا ئێستا نەچوونەتە ژێر باری ئەم مەرجانە”.

تۆڕی 964 بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی زیاتر، په‌یوه‌ندی به‌ بەرپرسی یەکێک لەو کۆمپانیایانەوە کرد، کە سیستمی پارکینگ لە کەلار بەڕێوەدەبات، بەڵام وەڵامیان نه‌دایه‌وه‌.

سیستمی پارکینگ، سیستمێکە بۆ بەکرێدانی ئەو شەقامانەی کە لە ناوبازاڕ و شوێنە گشتییەکانەوە نزیکن، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی ناوشار کەم بکەنەوە، بە زیادكردن لە لایەن شارەوانییەوە بە گرێبەست دەدرێت بە کۆمپانیا و کۆمپانیاش لە رێگەی کارمەندەکانییەوە رۆژانە پسووڵه‌ی سزادان بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکه‌ن، کە لەسەر شه‌قامه‌كان ده‌وه‌ستن، ئێستاش مەرجە بۆ هەر کاتژمێرێک ٥٠٠ دینار و بۆ نیو رۆژ هەزار دینار له‌ ئۆتۆمبێله‌كان وەربگرن.