دوای سێ ساڵ نەشتەرگەری لەنەخۆشخانەی پێشمەرگە دەكرێت
میدیازان-كوردستان ئەحمەد-هەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند بۆ یەكەمجار لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە، رۆژانە سێ نەشتەرگەری بۆ چوار جۆر نەخۆشی جیاواز دەكرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێكدا باس لەوەدەكات دوای كردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەكەیان ، ئێستا دەتوانن رۆژانە سێ نەشتەرگەری بۆ چوار جۆری جیاوازی نەخۆشی هەناوی و شكان و دەمار و نەشتەرگەری گشتی بكەن.
وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەمرۆ تەنیا سێ نەشتەرگەری بۆ چەند پێشمەرگەیەكی نەخۆش كراوە و لە ئایندەشدا پلانیان هەیە بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە نەخۆشانەی كە پێویستیان بە نەشتەرگەرییە، بە بێ وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەك لە پێشمەرگەكە.
دكتۆر رەزا ئیسماعیل لەنەخۆشخانەی پێشمەرگە بەماڵپەڕی وەزارەتی پێشمەرگەی وتووە :’نەشتەرگەرییەكان لە لایەن پزیشكەكانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەوە ئەنجامدراون و تەنیا چەند پزیشكێك وەك یارمەتیدەر لە وەزارەتی تەندروستی بۆ چاودێری دۆخەكە لەگەڵمانبوون’.
هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە بە هاوبەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان و راوێژكارانی سەربازی حكومەتی ئەڵمانیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كراوەتەوە، نەخۆشخانەكەش لەلایەن ئەڵمانیاوە ماوەی سێ ساڵ خزمەتگوزاری تەندروستی بە پێشمەرگە و كەسوكارییان پێشكەشدەكات.