باوکی منداڵەکە "ئاسایش ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکات"
راپۆرتی پزیشکی دادی لەبارەی منداڵە ونبووەکەی بناری قەندیل دەرچوو
فەرمان مەلا حەسەن – راپەڕین
راپۆرتی پزیشکی دادی لە بارەی گیانلەدەستدانی یاد سەرباز ئەو منداڵە تەمەن سێ ساڵییەی لە رۆژی دووەمی جەژن لە گوندێکی بناری قەندی ونبووبوو دواتر بە مردوویی دۆزرایەوە، دەرچوو و باوکیشی دەڵێت “ئاسایش ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکات”.
سەرباز، باوکی منداڵەکە بە 964 ی راگەیاند “ئەنجامەکە دەرچووە و ئەمڕۆ وەرمگرتەوە و داومەتە ئاسایشی راپەڕین ئەوان بڕیارە رایبگەیەنن”.
وتیشی”من نازانم ئەنجامەکە چی تێدا نوسراوە و ئایا ئەو ئێسکانەی دۆزراونەتەوە هی یادن یاخود نا، رەنگە ئاسایشی راپەڕین و ئاسایشی بناری قەندیل بەیەکەوە لە بارەی ئەنجامەکە گفتوگۆ بکەن، ئەوکات رابگەیەندرێت”
رۆژی 27.5.2026 کە یەکەم رۆژى جەژنى قوربان بوو، کاتێک کەسوکاری ئەو منداڵە بۆ جەژنانە لە گوندی ئێندزێی بناری قەندیل سەردانی ماڵى باوکى دایکى واتا باپیرەى منداڵەکە دەکەن، بەڵام لە پڕ منداڵەکە دیار نامێنێت و دواى دوو هەفتە گەڕان، لە رۆژی 12.6.2026، تەرمەکەى مردوویی و بە شێواوى دۆزرایەوە.
دوێنێ شەممەش 20.6.2026، خزمان و ریشسپیانى هەردوو گوندى ئێندزێ و کۆیلە، روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن: “کۆڵنادەین و بێدەنگ نابین لە کەیسی ونبوونی منداڵەکەمان، لەهەمان کاتیشدا بەڵێنمانداوە هەرکەسێک بێت دەستی هەبێت لەو کەیسەدا دیسان رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە”.
وتیشیان “ئێمە چاوەڕێی پزیشکی دادی و دوایین ئەنجامی پشکنین و DNA دەکەین”.
رۆژێک دواى دۆزینەوەى تەرمەکەش، بێستوون حەسەن کە خاڵێکى منداڵەکەیە، بە 964 ى وتبوو “ئێمە خێزانەکەمان لەوە تەندروستترە کە جگەرگۆشەیەکى خۆمان بەو دەردە ببەین، بەڵام هەر کەسێک دەستى لەو رووداوەدا هەبێت، ئەگەر نورى چاویشمان بێت، لێى خۆش نابین”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن