"چاوەڕێن بودجەین بۆ بەڵێندەر"
پەمپێک لە ئەمریکاوە هێندراوەتە سلێمانی و گرفتی كەم ئاوی گەڕەكەكانی چارەسەر دەكات
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەم ئاوی چەند گەڕەكێكی سلێمانی، سێ پەمپی ئاو بۆ هێڵی دووی ئاوی دوكان – سلێمانی دابینكراوە و وتەبێژی ئاوی سلێمانیش دەڵێت، “پەمپەكان لە ئەمریكاوە گەیشتونەتە و بەم نزیكانە دەبەسترێت و كێشەی دابینكردنی ئاومان نامێنێت”.
سلێمانی لەرێگەی سێ سەرچاوەی سەرەكی ئاوەوە، ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان دابین دەكات، ئەوانیش پڕۆژەی ئاوی سەرچنار، هێڵی ئاوی (یەك و دوو) ی دوكان.
ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە 964ی وت، ئەمڕۆ یەكشەممە، 21.6.2026 سێ پەمپی هەڵدانی ئاویان لە ئەمریكاوە بەدەست گەیشتووە و كە بۆ هێڵی دووی ئاوی دوكان – سلێمانی دابینكراوە، چاوەڕێن بودجەیەك بۆ بەڵێندەرێك تەرخان بكرێت تاوەكو دەست بە بەستنی پەمپەكان بكات.
وتیشی “بەدابینكردن و بەستنی ئەو پەمپانە، چارەسەری گرفتی كەم ئاوی هەموو ئەو گەڕەكانە دەكرێت كە لە رێگەی هێڵی دووەوە ئاو وەردەگرن و هاوینی ئەمساڵ بێ ئاو نابن”.
ئەو گەڕەکانەی کێشەی کەمیاویان چارەسەر دەبێت بریتیین لە قڕگە، ئیبراهیم ئەحمەد، كازیوەی یەك و دوو، كانی با، گوڵە باخ و شۆڕش و چەند گەڕەكێكی دیكەش دەگرێتەوە.
بەقسەی وتەبێژی ئاوی سلێمانی، ساڵی پار كێشە لە چەند پەمپێكی گواستنەوەی ئاوی هێڵی دووی دوكان بۆ سارەکە دروستبوو، كە توانای هەڵدانی ئاویان لەدەستدابوو، بۆیە گرفتی بۆ دابینكردنی ئاوی ژمارەیەك گەڕەك دروست دەكرد و لە بەشێك لەو گەڕەكانە دابەشكردنی ئاو كەمكرابووەوە لە سێ رۆژەوە بۆ هەفتەی جارێك، بەڵم دەڵێت “بەگۆڕینی ئەو پەمپانە بەشێكی زۆری گرفتەكان چارەسەر دەكرێت”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن