بەهۆی هەڕەشەکانی ترەمپەوە

تەسنیم: شاندی ئێران دانوستانەکانی سویسڕایان  بەجێهێشت

فەرهاد حەسەن

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، شاندی ئێرانی دانوستانەکانی سویسڕایان  بەجێهێشتووە وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ترەمپ.

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێرانی بڵاویکردەوە، شاندەکە وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپ شوێنی دانوستانەکانیان لە شاری بورگنشتۆکی سویسڕا بەجێهێشتووە، بەڵام باسی جۆری هەڕەشەکەی نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڕەشەکانی ترەمپ گفتوگۆکانی لە سویسرا ڕاگرت و بەردەوامیی دانوستانەکانیش بە نادڵنیایی هێشتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، توندترین هەڕەشەی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، ئەوا وڵاتەکەیان رووبەڕووی لەناوبردنی تەواوەتی دەبێتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی “فۆکس نیوز”، ترەمپ ئاشکرایکرد کە دوێنێ هۆشداریی توندی داوەتە بەرپرسانی ئێران و پێیڕاگەیاندوون: “ئەگەر گەرووی هورمز دابخەن، وڵاتەکەیان لەناودەچێت و دانوستانکارە ئێرانییەکانیش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.”

ئاماژەی بەوەشکردبوو، کە ئەمریکا ئامادەیە دەست بەسەر گەرووەکەدا بگرێت و ببێتە  “فریشتەی پارێزەر”ی رێڕەوەکە، لە بەرامبەریشدا 20٪ی ئەو نەوتەی پێیدا تێپەڕ دەبێت وەک باج بۆ خۆی ببات.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە، سوپای پاسدارانی ئێران داخستنی گەرووی هورمزی بە رووی هەموو کەشتییەکاندا راگەیاند، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، کە تاران دەڵێت پێشێلکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەیە کە لەگەڵ واشنتن واژۆ کراوە بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا.