رێکخراوی C.P.T:

“سوپای تورکیا نەیهێشت دانیشتووانی 21 گوندی زاخۆ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان”

شۆڕش قادری

سوپای تورکیا رێگری لە دانیشتووانی 21 گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرد، بگەڕێنەوە گوندەکانیان.

کامەران عوسمان ئەندامی تیمی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە کوردستان بە 964ـی وت، “لە رۆژی 10ـی حوزەیراندا، ئیدارەی خۆجێیی ناحیەی دەرکار و قەزای باتیفا لە زاخۆ، ئاگاداری خەڵکی گوندەکانی دەڤەری (سندی و گولی)ـیان کرد کە دەتوانن لە 15ـی حوزەیراندا بچنەوە بۆ سەردانی گوندەکانی خۆیان کە ماوەی شەش ساڵە سوپای تورکیا داگیریکردوون و خەڵکەکەیانی ئاوارە کردوون”.

“هەر لەسەر ئەو قەرارە، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ خەڵکی گوندەکانی (سنات، ئێرە، حەفتانین، دێرەشیشێ، مێرگەشیشێ، ئاڤا گیزێ، باجوا) و گوندەکانی گەلی پساغا (بنەخرێ، مارسیس، کەلۆک) و 11 گوندی تر، بۆ سەردانیکردنی گوندەکانیان کەوتوونەتەڕێ، کاتێک گەیشتوونەتە گوندی شەرانشی سەروو، بینیویانە کە سوپای تورکیا بازگەیەکی لەسەر ڕێگاکە داناوە”، کامەران عوسمان وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەربازانی تورکیا گوندنشینە گەڕاوەکانیان لە ئۆتۆمبێل دابەزاندووە و پێیان وتوون، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان، چونکە لە ئێستادا گوندەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای تورکیا  دایە و کەس ناتوانێت بۆی بگەڕێتەوە.

بەقسەی ئەندامانی رێکخراوی سی پی تی، لە ساڵی 2020 و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (چنگی-پڵنگ)دا، سوپای تورکیا بە قوڵایی نۆ کیلۆمەتر ناوچەی حەفتانین و تەواوی گوندەوارەکانی دەورووبەری داگیرکردووە، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، گوندنشینانی هەزار و 192 گوندی هەرێمی کوردستان هیوایان وابوو کە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانیان و بێ ترس ژیان بگوزەرێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا گوندنشینان رێگەیان پێ نەدراوە بگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان و هەر لە ئاوارەییدا دەژین.