بۆچی نەبووە بە ئەلیکترۆنی؟
بەڕێوەبەری پاسپۆڕتی راپەڕین: مەترسیی داخستنی نووسینگەکەمان هەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
نووسینگە تاقانەکەی پاسپۆڕت لە راپەڕین، بەهۆی ئەوەی شوێنەکەی “نەگونجاوە” نەتوانراوە ئامێری نوێی بۆ دابنرێ و دەست بە دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بکات، بەڕێوەبەرەکەی ئەوەندەی خەمی “داخستنیی نوسینگەکەیەتی، هێندە بیری لەلای ئەوەنییە دوای 20 رۆژ ئومێدێک هەبێت دەست بەکارەکانیان بکەنەوە”.
20 رۆژە وەستاوە
زیاتر لە دوو هەزار کەس کە ناویان تۆمار کردووە، لە ماوەی 20 رۆژی رابردوو نەیانتوانیووە مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆڕت لە نوسینگەی پاسپۆڕتی راپەڕین بکەن، ئەوانەی نەخۆش بوون یان کارەکەیان ئاستی پێویستی بووبێت، لە سلێمانی پاسپۆرتییان بۆ دەرهێناون.
ئەمڕۆ سێشەممە 20.8.2024، عەقید ئاودێر عەزیز، بەڕێوەبەری نوسینگەی پاسپۆڕتی راپەڕین بە 964ی وت، “بەهۆی کەڵەکەبوونی داتای زۆر و دانانی سێرڤەری نوێ و رێکاری سەلامەتی دیجیتاڵی لەلایەن نوسینگەی سەرەکی بەغداوە سیستمی کار کوژێندراوەتەوە، نەمانتوانیوە هیچ مامەڵەیەک بکەین و روونیش نییە، کەی دەتوانین دەستپێ بکەینەوە”.
مافیان فەوتا؟
رۆژانە هاوڵاتییەکی زۆر دەچنە لای نوسینگەکە، هێشتا هەندێکیان نازانن کە پاسپۆڕت رۆژانێکە کارەکانی وەستاوە، بەڕێوەبەرەکەی وتی، “ئاگادارین کە خەڵک بەم گەرمایەش دێن، بۆیە زوو زوو لە هۆکارەکانی راگەیاندن ئاگاداریان دەکەینەوە، ئەگەر هاتوو دەستپێ نەکردنەوەی کارەکان درێژ مەودا بێت، رەنگە چارەسەر ئەوەبێ، لە کۆیە و سلێمانی، دانیشتووانی ئیدارەی راپەڕین پاسپۆڕت دەربهێنن و ئەوەش بڕیاری دەوێت”.
پاسپۆڕتی راپەڕین پلانیان وایە، ئەگەر کارەکانیان دەستیان پێکردەوە، وەک قەرەبوو بۆ ئەو هاوڵاتییانە نۆرەیان گرتووە و کاتیان تێپەڕیووە، بە دانانی دەوامی دوو بۆ سێ شەفتی و دەوامکردنی رۆژانی شەممە قەرەبوویان بکەنەوە.
ئیدارەی راپەڕین 630 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێ یە، نوسینگەکە رۆژانە 180 بۆ 200 مامەڵەی لە دەوامی ئاسایدا جێبەجێ کردووە، لە ماوەی کارکرنیشیدا 136 هەزار پاسپۆرت تەنیا لەو نوسینگەیە دەرهێنراوە، ئێستاش تا 15.1.2025 نزیکەی حەوت هەزار ناو نۆرەیان بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت گرتووە.
پاسپۆڕت لە ژێر زەمیندا
نوسینگەی پاسپۆڕتی راپەڕین لە ژێر زەمینێکدا و لە رانیە مامەڵەی هاوڵاتیان رای دەکات پێشتر شوێن کاری هاتوچۆی شارەکە بووە، ئەو کۆمپانیایەی سەرقاڵی بەستنی سیستمی ئەلیکترۆنی پاسپۆرتن، سەردانی نوسینگەی پاسپۆڕتی راپەڕین-یان کردووە و پێیان وتوون، ناتوانین ئامێرەکان بهێنینە ناو نوسینگەکەوە و شوێنەکە نەگونجاوە، عەقید ئاودێر عەزیز، وتی، “لە زستاندا سەرتاپای نوسینگەکە 10 سانتیمەتر ئاوی باراناوی تێدا کۆدەبێتەوە”.
ئەوە بەهۆکاری سەرەکی دەبینرێ کە تائێستا ئەو نوسینگەیە نەیتوانیوە دەست بکات بە دەرهێنانی پاسپۆڕتی ئەلیکترۆنی، بەڕێوەبەرەکەی وتی، “ئەوەندەی من مەترسیم لەسەر هەڵوەشاندنەوەی نوسینگەی پاسپۆڕتی راپەڕین هەیە، ئەوەندە ئومێدم نییە باڵەخانەیەکی نوێمان بۆ دابین بکەن، لە کاتێکدا بڕیارەکە وایە تا کۆتایی ساڵی 2024 دەبێت سەرجەم نوسینگەکان پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەربکەن، ئەگەر چارەسەر نەکرێ هەڵوەشانەوەی نوسینگەکە ئەگەرێکی بەهێزە”.