"دەیەها ملیۆن دۆلار لە دەستی حزبوڵادایە"
رۆیتەرز: حزبوڵا پارەی ئێرانی پێگەیشتووە و خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکرد، لەدوای وەرگرتنی پارەیەکی زۆر لە ئێران، حزبوڵای لوبنانی ماوەی سێ مانگە خۆی بۆ جەنگێکی دیکە دژی ئیسرائیل ئامادە دەکات.
بەپێی قسەی دوو سەرچاوەی ئەمنی لوبنان و سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵا بۆ رۆیتەرز، گروپەکە دەیەها ملیۆن دۆلاری لە ئێرانەوە بەدەست گەیشتووە بۆ پەرەدان بە توانستە سەربازییەکانی، ئەمە جگە لەو 200 ملیۆن دۆلارەی کە تاران پێشتر ناردی بۆ گروپەکە “بۆ یارمەتیدانی خێزانە ئاوارەکانی لوبنان.”
رۆیتەرز دەڵێت، حزبوڵا کشوماتی ئەم چوار مانگەی رابردووی بۆ پڕچەککردنەوەی خۆی بەکارهێناوە و سەرنجی لەسەر بەرهەمهێنانی بۆمب و جۆرە درۆنێکە کە بەرەو ناوچە و پێگەکانی ئیسرائیل هەڵبفڕێنرێن.
حزبوڵا لەماوەی دوو ساڵی جەنگدا لەگەڵ ئیسرائیل گورزێکی کوشندەی بەرکەتووە و سوپای ئیسرائیل بەشێکی زۆری سەرکردەکانی لەناوبرد، ئەمە جگە لەوەی پێگە و ناوەندی فەرمانی گروپەکەی بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی لەناوبرد و پەرتەوازەیی لە گروپەکەدا دروستکرد.
“حزبوڵا خەریکی بوژاندنەوە و گەڕانەوەی پێکهاتەی ناوەندی فەرمانییەتی کە لە شەڕە سەرەکییەکاندا لەگەڵ ئیسرائیل لەناوچوون،” رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی کە ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵان وادەڵێت.