"ئاین کاریگەری هەیە"

زانایانی ئاینی و چاکسازییەکانی هەرێم دووبارە رێککەوتنەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

بۆ جاری دووەم و لە پاش نزیکەی 170 سمینار لە قۆناغی یەکەم، یەکێتی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی یاداشتێکی لێکگەیشتنیان واژۆ کردەوە.

لە پەراوێزی رێزلێنان لە 58 مامۆستای ئاینی شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کە سمیناریان بۆ چاکساز بوون و گەڕانەوەی سزادراوەکان بۆ ناو کۆمەڵگە لە چاکسازییەکان ئەنجامدا بوو، لێکتێگەیشتنەکە بۆ قۆناغی دووەم واژۆکرا.

عەبدوڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “بە ئامانجی بەردەوامی بەرنامەی وتار و سیمیناری مامۆستایانی ئاینی لەناو چاکسازییەکان واژۆی لەسەر کراوە، بڕیار وایە ئەم هەنگاوە لە پێناو خزمەتی گشتی و سزادراوان بەردەوامی هەبێت و بە پێی ئالیەت و ستراتیژی تایبەت و هەماهەنگی نێوان هەردوولا دەست پێ بکاتەوە”.

بە قسەی سەرۆکی یەکێتی زانیانی ئاینی، “مامۆستا ئاینییەکان زۆرجار توانیویانە بڕوا بە سزادراوان بهێنن کە جارێکی دیکە تاوان نەکات، چونکە ئەوانەی ئەمڕۆ لە زیندانن، ئەگەر ئامادە نەکرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست بێتەوە ناو کۆمەڵگە، ئەوە رەنگە جارێکی دیکە تاوانەکەی دووبارە بکەنەوە”.

لە مەراسیمی واژۆکردنی یاداشتەکەدا، ئیحسان بابان بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، “بەپێی راگەیەندراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە کراوە، کە ئایین رۆڵ و کاریگەری زۆر باشی هەیە لە سەر چاکسازی تاکەکان و گێڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە”.

وێنەکان دەرخەی واژۆکردنی یاداشتەکە و ریزلێنانە لە مامۆستا ئاینییەکان؛