سوپای پاسداران بۆ وڵاتانی عەرەب:

“یا ئەمریکا لە وڵاتەکەتان دەربکەن یان وەڵامێکی سەخت وەربگرن”

شۆڕش قادری

سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشە لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە دەکات و دەڵێت، یا ئەمریکا لە وڵاتەکەتان دەربکەن یان وەڵامێکی سەخت وەربگرن.

میدیای ئێران لەزاری یەدوڵا جەوانی جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران بۆ کاروباری سیاسی بڵاویکردووەتەوە، “باشترە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە ئەمریکییەکان دەربکەن و بنکە و بارەگاکانیان لێ بستێنەوە، ئەگەرنا هێزە چەکدارەکانی ئێران سەلماندوویانە کە ئەگەر لەهەر خاڵێکی کوەیت و بەحرەین و ئوردن، یان هەر وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە هێرشمان بکرێتەسەر، وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە وەردەگرنەوە”.

شەوی رابردوو ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند بەندەرێک لە باشووری ئێران و سوپای پاسدارانیش لە وەڵامدا هێرشی کردەسەر پێگەکانی ئەمریکا لە ئوردن و چەند وڵاتێک، هەرێمی کوردستانیش بێ بەش نەبوو لەو هێرشانە و دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ئاسمانی هەولێری پایتەخت بیستران.