كەی دەستپێدەكات؟

“فێستیڤاڵی شانۆی كەركوك سوپرایزی تێدا دەبێت”

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی شانۆی كەركوك رایگەیاند، فێستیڤاڵی ئەمساڵ گەورە و فراوانە و سوپرایزی تێدا دەبێت.

شكۆ عومەر ئەمڕۆ سێشەممە 6.8.2024 بە 964ی راگەیاند، فێستیڤاڵی شانۆی كەركوك رۆژی 4.9.2024 دەستپێدەكات و ئامادەكاری و كارەكانیان تا ئێستا بە شێوەیەكی باش بەڕێوەدەچێت.

وتیشی، تیپی شانۆیی هەر چوار پارچەی كوردستان بەشدار دەبن، هەروەها تیپێكی شانۆیی لە بەغداوە وەك میوان بە شانۆیەك بەشدار دەبن و تیپێكی دیكەش كە كوردەكانی تارانی پایتەختی ئێرانن، ئەوانیش بە بەرهەمێك وەك میوان بەشداردەبن.

سەبارەت بە بەرنامەی فراوانی فێستیڤاڵەكە، شكۆ عومەر دەڵێت، فێستیڤاڵەكە پێنج رۆژ دەخایەنێت و نۆ كاری شانۆیی پێشكەش دەكرێن و پێشبڕكێ بۆ بردنەوەی خەڵاتەكان دەكەن، هەروەها چوار بەرهەم لە پانتایی دیكەی شاری كەركوك پێشكەش دەكرێن، بە تایبەتی لە قەڵا و قشڵە و شانۆی رۆمانیی كەركوك.

بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی كەركوك ئاماژەی بەوە دا، ئەم ساڵ سوپرازیان لە فێستیڤاڵەكە دەبێت، بەڵام ئاشكرای نەكرد سوپرایزەكە چییە.

” 100 هونەرمەند و كەسایەتی وەك میوان بەشداریی دەكەن و بانگهێشت دەكرێن، رۆژنامەیەكی رۆژانەش بۆ رووماڵی چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكە بڵاودەكرێتەوە”، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی كەركوك وای وت.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا ئەمجارە بایەخیان بە توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی شانۆیی داوە و هەشت توێژینەوە ئامادەكراون، كە لە چوار كۆڕدا پێشكەش دەكرێن و دوای پێشكەشكردنی شانۆییەكانیش سیمینار و گفتوگۆ دێنە ئەنجامدان.

فێستیڤاڵی ئەمساڵ خولی چوارەمی فێستیڤاڵەكانی شانۆی كەركوكە و بە ناوی نووسەر و رۆژنامەنووس  و كەسایەتی دیاریی كۆچكردوو فەلەكەددین كاكەیی كراوە، شكۆ عومەر وتی، “بە باشمان زانی خولی ئەمساڵ بە ناوی ئەو كەسایەتییە بكەین و رێز لە خزمەت و كارەكانی بگرین”.
ئاماژەی بەوەش دا، تا ئێستا كارەكانی ئامادەكاری بە باشی بەڕێوەدەچن و گەشبینن ئەمساڵ فێستیڤاڵێكی سەركەوتوو پێشكەش بكەن.

یەكەم وەشانی فێستیڤاڵەكە لە 1.5.2019 بە ناوی خولی جیهاد دڵپاك پێشكەش كراوە و دوو وەشانی دیكەشی بەڕێوەچووە و ئەمساڵیش چوارەم وەشانی فێستیڤاڵەكەیە.

شانۆیی

شانۆیی "رووتبوونەوە" لە سلێمانی نمایش دەکرێت