دیمەنی قەزای دەربەندیخان_ وێنە:964
بودجە و پێداویستیان دەوێ
هاتوچۆی دەربەندیخان بەشی مۆڵەت و ساڵیانە دەکاتەوە
ئەحمەد مستەفا
عەقید جاسم محەمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان دەڵێ، هەنگاوی جدی نراوە بۆ کردنەوەی بەشی مۆڵەتی شۆفێری و بەشی ساڵانەی ئۆتۆمبێل لە هاتوچۆی دەربەندیخان.
بەڵام، کردنەوەی ئەو دوو بەشە چاوەڕێی دابینکردنی بودجە و کڕینی ئامێر و پێداویستییەکانە.
عەقید جاسم محەمەد، بە رادیۆی فەڕمی هاتوچۆی سلێمانی وتووە، لە رووی شوێنەوە هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام کەمی کارمەند یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم کردنەوەی ئەو دوو بەشە، کە بەڵێن دراوە چارەسەر بکرێت.
بە وتەی بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان، کردنەوەی ئەم دوو بەشە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاوڵاتییانی دەربەندیخان، قەرەداغ و شارەزوور دروست دەکات و هەروەها لۆد و قەرەباڵغی لە بەشەکانی هاتوچۆی سلێمانی و گەرمیان کەم دەکاتەوە.
ئەوان پلانیان وایە لە سەرەتادا، ئەو هاوڵاتییانەی کارتی زانیاریی ئۆتۆمبێلەکانیان لە دەربەندیخانە، دەتوانن سوود لەم خزمەتگوزارییە وەربگرن، پاشان هاوڵاتییانی ناوچەکانی دیکەش کە خوازیاری گواستنەوەی مامەڵەکانیان بن، دەتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن.
لەبارەی بەشی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەوە، روونی کردەوە بە کردنەوەی ئەو بەشە، هەموو رێکارەکانی پشکنین، بەڕادکردن و تابلۆبەستن بۆ جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێل، لەوانە ئۆتۆمبێلی تایبەت، کرێ و بارهەڵگر، لە هاتوچۆی دەربەندیخان ئەنجام دەدرێن.