چەکدارێکی حەشدی شەعبی - فۆتۆ : ئاژانسەکان
ناوەڕۆکی هەموارە نوێیەکە
پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی؛ گۆڕانکارییەکان سنووری دەسەڵات و خانەنشینی دەگۆڕن
ئەحمەد مستەفا
پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە عێراق تەنیا یاسایەک بۆ رێکخستنی موچە و خانەنشینی نییە؛ داڕشتنی نوێی پڕۆژەکە گۆڕانکاری لە پەیکەر، ئەرک و دەسەڵاتەکانی دەستەکە دەهێنێ و پرسیاری داهاتووی شوێنی حەشد لە سیستەمی ئاسایشی دەوڵەتدا زیاتر دەکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئەساسی عێراق، عەلا حەیدەری بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی ناو پڕۆژەکەی بڵاوکردووەتەوە، ئەو پەڕلەمانتارە زیاتر لە لیژنەکانی پەیوەندیدار بە چاودێریکردنی وەزارەتەکان، پرسی بودجەی پارێزگای بەسرە، و دۆسیەی یاسای حەشدی شەعبی لەناو پەرلەمان چالاکە.
پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی، دوای خوێندنەوەی یەکەم و دووەم لە ئەنجومەنی نوێنەران، هێشتا لە قۆناغی هەموارکردنەوە و پێداچوونەوەدایە و نەگەیشتووە بە دەنگدانی کۆتایی.
لە داڕشتنی نوێدا، ژمارەی ئامانجەکانی حەشد لە 9 بۆ 5، ئەرکەکان لە 14 بۆ 8 کەم کراونەتەوە، هەندێک دەقیش لادراون، لەوانە دەسەڵاتی بەشداریکردن لە بەرەنگاربوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان و هەندێک شایستەی تایبەت.
گۆڕانکارییەکان لە بواری خانەنشینیشدا، داڕشتنی نوێ بە ئاراستەی بەرتەسککردنەوەی مۆڵەتی درێژکردنەوەی خزمەت دەڕوات، کە دەتوانێت کاریگەری لە مانەوەی هەندێک فەرماندە و دۆخی هەڕەمی فەرماندەیی حەشد دابنێت.
لە هەمان کاتدا، نەبوونی ناوی هەندێک لە پێکهاتە و گروپەکانی لە پەیکەری پێشووتر، پرسیاری نوێ لەسەر شێوازی رێکخستنی دامەزراوەکە دروست کردووە.
پەڕلەمانتارەکە دەڵێ، یاساکەى پێشوو دەرفەتی دەدا بۆ درێژکردنەوەی خزمەتی ئەوانەی یاساکە دەیانگرێتەوە دوای گەیشتن بە تەمەنی یاسایی، کە لە هەندێک حاڵەتدا دەگەیشتە سێ ساڵ بە رەزامەندیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرباری دواخستنی جێبەجێکردنی تەمەنی خانەنشینی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ هەڵگرانی پۆستی فەرماندەی فەوج و بەرەو سەرەوە.
بەڵام، یاسا نوێیەکە بەرەو بەرتەسککردنەوە یان لادانی بەشێک لەم بەدەرکردنانە هەنگاو دەنێت، کە ئەمهش دەکرێت راستەوخۆ رەنگبداتەوە لەسەر مانەوەی فەرماندەکان لە ناو دەستەکەدا دوای گەیشتنیان بە تەمەنی یاسایی، کاریگەریی ئەم گۆڕانکارییە تەنیا لە لایەنی خانەنشینیدا کورت نابێتەوە، چونکە جێبەجێکردنی ئاستی تەمەنی توندتر دەکرێت، بۆ رێکخستنەوەی هەڕەمی فەرماندەیی و کردنی دەرگای پۆستە سەربازی و ئیدارییەکان بە رووی فەرماندە نوێیەکاندا.
کۆی گۆڕانکارییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە گفتوگۆ دەربارەی یاسای حەشد چیتر لە موچە، خانەنشینی و مافی ئەنداماندا کورت نەبووەتەوە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە وێنەی خودی دامەزراوەکە، سنووری دەسەڵاتەکانی و شوێنی لە ناو ئاسایشی دەوڵەتدا.