دیمەنی هێزە ئەمنیەکان لە یەکێک لە پاڵاوگەکانی هەولێر.وێنە پارێزگای هەولێر
سیانیان داخرا
دەستکرا بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێر
توانا نەقی
دوای دەرچوونی بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لەسنووری پارێزگای هەولێر، درەنگانی شەوی رابردوو هەڵمەتی داخستنیان دەستی پێکرد لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیسی شارەوانی لەقایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر و بنکەی پۆلیسی شەمامك.
پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و لەیەکەم دەرچوونیاندا سێ پاڵاوگەیان لە سنووری ناحیەی شەمامک داخراون، هەموو ئەو هەموو ئەو پاڵاوگانە دەگرێتەوە کە زیان بە هاوڵاتیان و ژینگە دەگەیەنن.
دوێنێ یەکشەممە، 4.8.2024 پیسى ژینگە و ئاسمانى هەولێر، بەرپرسیانى ئیدارى و ژینگەیى پایتەختى ناچار بەوەکرد لەسەر مێزێک کۆببنەوە و حەوت بڕیار بۆ چارەسەرى ئەو بابەتە بدەن، کە گرنگترینیان داخستنى 138 پاڵاوگەیى نایاسایى هەولێر و دەورووبەری بوو.
یەکێک لە بڕیارەکان ئەوەبوو 138 پاڵاوگەى نایاسایى لە هەولێر هەیە و لەمڕۆوە هەرهەمویان دادەخرێن، ئەوانەشى پابەند نەبن بە بریارەکەوە رووبەڕووى سزا یاسایى دەبنەوە و دەستگیر دەکرێت.
هەروەها ئەو پاڵاوگانەى یاسایین، ماوەى 10 رۆژ مۆڵەتیان پێدەدرێن کە دەبێت تەواوى مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن و هەموو کەمووکوڕییەکانیان چارەسەر بکەن، بەپێچەوانەوە رێکارى یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، هەموو کارگەکان چ ئەوانەى کارگەى قیرن یان جۆراوجۆرن دەبێت دەستبەجێ دەست بە چارەسەرکردنى گرفتە ژینگەییەکان بکەن.