چەند حاجییەكی کوردستان لە كاتی ئەنجامدانی فەریزەی حەجدا - فۆتۆ: ئەرشیفی 964
"تەندروستییان باشە"
10 و نۆی مانگ حاجیانی کوردستان دێنەوە
ئەحمەد مستەفا
حاجییانی هەرێمی کوردستان سەلامەتن و پڕۆسەی حەجیان بە سەرکەوتوویی و بێ کێشە تەواو کردووە، بڕیارە لە نۆ یان 10ـی مانگی داهاتوو پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییان بۆ کوردستان دەستپێبکات، ئەمە قسەی کاروان ستوونییە.
کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە نوێنەری کەناڵەکانی راگەیاندنی وت، پڕۆسەی جێبەجێکردنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ بە سەرکەوتوویی و بەبێ هیچ کێشەیەک بەڕێوەچووە و سەرجەم حاجییانی هەرێم لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر باشدا دەبن.
حاجییانی هەرێمی کوردستان ئێستا لە ناوچەی مینا جێگیرن و ماوەی دوو رۆژی دیکە لەوێ دەمێننەوە، کە لەو ماوەیەدا سێ ژەمە خواردن و تەواوی پێداویستییەکانیان بۆ دابین کراوە و خواردنەکان خاوەن لۆگۆی فەرمی و ئاڵای کوردستانن.
دوای تەواوبوونی مانەوەیان لە مینا، دەگەڕێنەوە مەککەی پیرۆز بۆ ئەنجامدانی تەوافی ماڵئاوایی و کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی حەج.
سەبارەت بە وادەی گەڕانەوە، وتەبێژەکە ئاشکرای کرد کە بەپێی خشتەی ئامادەکراو، لە رۆژی نۆ یان 10ـی مانگی داهاتوو، یەکەم کاروانی حاجییان لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە دەگەڕێنەوە کوردستان.