هەورامیشی تێدا دەبێت
سرودێک بە هەموو شێوەزارەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت
964+
ژووری هەواڵ
شاندێکی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی رۆشنبیری کردووە و داوای کردووە سرودێکی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرهەمبهێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە 30.7.2024، نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە 964ـی وت، رەزامەندیان دەربڕیوە بۆ بەرهەمهێنانی سرودێک کە هەموو شێوەزارەکانی سۆرانی، کرمانجی، هەورامی و تورکمانی تێیدا بەشدار بن.
لەبارەی هونەرمەندانی بەشدار لە سرودەکە، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری وتی، جارێ بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە و کارەکان هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغە.
“وەزارەت ئامادەكاری تەواو دەكات بۆ بەرهەمهێنانی سرودێكی تایبەت بە هەڵبژاردن و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و بەرهەمهێنانی ژمارەیەك بابەتی میدیایی بۆ ئەوەی لە ڕێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە بڵاو بكرێنەوە”، نامیق هەورامی وای وت.
بە وتەی وەزیری رۆشنبیری، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران راسپێردراون هەماهەنگ بن لەگەڵ دەستەی هەڵبژاردن.
بەپێی فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێم، بڕیارە 20.10.2024 هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و هەڵبژاردنەکەش لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.