کاروباری مین لە هەولێر قسەی هەیە

بۆ گیای بەهارە ژیانی خۆتان مەخەنە ناو مەترسیی مینەوە

ئەحمەد مستەفا

کاروباری مین لە هەولێر داوا لە خەڵک دەکات، بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهاری، سەرکێشی بە ژیانی خۆیانەوە نەکەن و نەچنە ناو کێڵگە مینەکان.

گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، هاوڵاتییەک لە ناوەڕاستی کێڵگەیەکی میندایە و سەرقاڵی کۆکردنەوەی گیای بەهارییە.

ئەمە وای لە دەزگای مین کردووە هۆشداری بە خەڵک بدات، دوور بکەونەوە لەو کارە و لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێ، ژیانی مرۆڤ زۆر لەوە بەهادارترە کە بەهۆی چەند جۆرە گیایەکی بەهارییەوە بکرێتە قوربانی.

ئەم رێنماییانەشی خستووەتە پێش چاوی خەڵک؛

دوورکەوتنەوە لە ناوچە گوماناوییەکان: بە هیچ شێوەیەک مەچنە ناوچە شاخاوییە دوورەدەستەکان کە شارەزایی تەواوتان لێیان نییە.

دەستکارینەکردنی تەنی نامۆ: لەکاتی بینینی هەر پارچە ئاسن یان تەنێکی گوماناوی، بە هیچ جۆرێک لێی نزیک مەبنەوە.

پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرم: لەکاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو یان بینینی مین، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە ژمارە 182.

بەهۆی بارانبارینی زۆری ئەمساڵەوە مەترسییەکان 2 هێندە زیاد بوون، چونکە لافاو و باران دەبنە هۆی گواستنەوەی مینەکان لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر یان دەرکەوتنی ئەو مینانەی کە پێشتر لەژێر خاکدا بوون، لە راگەیەندراوەکەیدا وا دەڵێ.