گەرووی هورمز
ئێران داوای کاتی زیاتری کردووە
ئەمریکا گەمارۆی درێژخایەن دەخاتە سەر ئێران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی ئەمریکا رێنمایی بۆ یاریدەدەرەکانی دەرکردووە، خۆیان ئامادە بکەن بۆ گەمارۆیەکی درێژخایەن بۆ سەر ئێران و بە دووریشی زانیوە هێرشی سەربازی بکەنەوە سەر ئێران.
بە گوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمریکی، ترەمپ بەو ئەنجامە گەیشتووە کە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی بۆردومانکردن یان کشانەوە لە گەمارۆکە مەترسی زیاتری هەیە لە پاراستنی، جەختیشیان لەوە کردەوە کە گەمارۆدانی گەرووی هورمز ئابووری ئێران پەکخستووە و ئەمبارکردنی نەوتی ئێران لە رادەبەدەر قورس دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، ترەمپ ئامادە نییە سازش لەسەر داواکارییەکەی بکات کە ئێران پابەندبێت بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لانیکەم 20 ساڵ، بۆیە بە یاریدەدەرەکانی راگەیاندووە، خۆیان ئامادەبکەن بۆ سەپاندنی گەمارۆیەکی درێژخایەن بەسەر ئێراندا.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە رایگەیاندووە، ئێران بە لایەنە ناوبژیوانەکانی راگەیاندووە، پێویستیان بە چەند رۆژێکە بۆ راوێژکردن لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران پێش ئەوەی پێداچوونەوە بە دەستپێشخەرییەکەیان بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن.