مەسیحییەکانى عێراق لە دژى ئەو دیمەنە بەڕۆژوو دەبن
دیمەنێکى ئاهەنگى کردنەوەى ئۆڵۆمپیادى پاریس هەڵاى ناوەتەوە
964+
وریا فەتاح
کەنیسەکانی عێراق وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئاهەنگى کردنەوەى ئۆڵمپیادى پاریس بەڕۆژووبوون رادەگەیەنن، هەر لە عێراق نا، لە جیهانیشدا ناڕەزایەتى دژى کردنەوەى مەراسیمى ئۆڵمپیادى پاریس بەرز بووەتەوە.
ئاهەنگەکە کە رۆژی هەینی بەدرێژایی رووباری سێن بەڕێوەچوو، دیمەنێکی “هاوشێوەی تابلۆی دوا ئێوارەخوان”ـى لەخۆگرتبوو کە لەلایەن هونەرمەندی بەناوبانگی ئیتاڵی لیۆناردۆ داڤینچی کێشرابوو، کە تێیدا مەسیح لەگەڵ هاوەڵەکانى بەرجەستە بوو لەکاتێکدا ئەوان لە ئاهەنگێکدا بوون و لەسەر مێزی نان خواردن.
لەو نمایشەدا کە لە مەراسیمی کردنەوەیدا پێشکەشکرا، ئەوەی کە پێدەچوو نمونەیەکى هاوشێوەى”دواین ئێوارەخوان” بێت دەرکەوت، کە بوونی ئەو کەسانەی لەخۆگرتبوو کە رەگەزگۆڕاون.
هەر زوو قەشەکانی کاسۆلیکی فەرەنسی لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە کە رێوڕەسمەکە “بەداخەوە ئەو دیمەنانەی لەخۆگرتبوو کە گاڵتە بە ئایینی مەسیحی دەکەن”.
لە عێراق و ناوچەکە، قەشە مار بنێدکت یونان هانۆ، قەشە سەرەکییەکەی ئەپستۆریای کاسۆلیکی سوریای موسڵ و وڵاتانی وابەستە، پەیامێکی بۆ جیهان نارد و رەخنەی لە سووکایەتیکردن بە وێنەکانی دوایین ئێوارەخوان گرت لە رێگەی نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵێک کەسی “رەگەزگۆڕاو”ـەوە، لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادى پاریسدا.
قەشە لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی دەست 964 کەوتووە، تێیدا پەیامێکى ئاراستەى قەشە و راهیب و ئەندامانیان کردووە ئاماژە بەو سوکایەتییکردنە دەکات کە وەک خۆى دەڵێت، سوکایەتیکردن بە هێما ئاینییەکانمان لە کردنەوەى ئۆڵۆمپیاددا بەرەو نزمترین ئاست دابەزیوە و ئازارى داوین.
لە بەیاننامەکەدا وێڕاى پیشاندانى ناڕەزایەتى بەرامبەر ئەو دیمەنەى کە بە سوکایەتیکردن بە وێنەى دوا ئێوارە خوان ویناى دەکەن، باس لەوەشکراوە، جیهان رەتیدەکاتەوە و هیچ کەسێکی عەقڵانی قبوڵیان ناکات.
لە بەیاننامەکەدا قەشە مار بنێدکت یونان دەڵێت، ئەمڕۆ فەرەنسا و سبەی رەنگە وڵاتێکی تر ئەو سوکایەتییە بکات، ئەمە ئەو کۆمەڵگای رۆژئاوایەیە کە ئێمە پێمان وایە داهاتووی منداڵەکانمان تیایدا پارێزراوە.
داواش دەکات، هەموو شوێنکەوتەکانیان رۆژى دووشەممە تەرخان بکەن بۆ بەڕۆژووبون، وەک خۆى دەڵێت، تا پەروەردگار لەو سوکایەتییە خۆش ببێت.
ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 رۆژی هەینی بە فەرمی کرایەوە، بە نمایشێکی بێ وێنە و سەرنجڕاکێش لەسەر رووباری سێن کە تێیدا شەش هەزار و 800 وەرزشوان لە 205 وڵاتەوە بەشدارییان کرد.