دەستبەسەرداگرتن بووەتە شەش هێندە
راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان: ماددەی هۆشبەر عێراق تووشی تەقینەوە دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
لە راپۆرتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بەسەر بڕێکی پێوانەیی ماددەی هۆشبەری کەپتاگۆندا گرتووە، بەهای مەزەندەکراوی 144 ملیۆن دۆلارە، “لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتەکە زیاتر بووەتە رێڕەوێکی بەرچاوی ماددە هۆشبەرەکان”.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و تاوان (UNODC)، “عێراق لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیادبوونی گەورەی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانی بەخۆیەوە بینیوە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنیا لە ساڵی 2023دا دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە، “دەستیان بەسەر 24 ملیۆن تابلێتی کەپتاگۆندا گرتووە، کە ژمارەیەکی پێوانەیی بووە، کە یەکسانە بە زیاتر لە 4.1 تۆن، کە بەهاکەی بە مەزەندەکراوی لە نێوان 84 بۆ 144 ملیۆن دۆلاردایە.
UNODC ئەوەشی وتووە، “پێدەچێت عێراق لە پەیوەندیی رێڕەوی بازرگانیکردنی ناوچەییدا بێت بۆ هەردوو جۆری میتامفیتامین و کەپتاگۆن”، لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی کەپتاگۆن لە عێراق، “دەوترێت لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2023 سێ ئەوەندە زیادی کردووە، بە گشتی ئەو بڕە پارەیەی لە ساڵی 2023دا دەستی بەسەردا گیراوە 34 هێندە زیاترە لە ساڵی 2019”.
هەروەها خاکی عێراق لەلایەن بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەوە خەریکە ببێتە رێڕەوێک بۆ رۆیشتنی ماددە هاندەرە زۆر ئالودەبووەکانی میتامفیتامین کە زیاتر لە ئەفغانستان بەرهەم دەهێنرێن و بەرەو کەنداو و ئەوروپا دەنێردرێ، بە جۆرێک دەستبەسەرداگرتن لە عێراق لە ساڵی 2023 بەراورد بە ساڵی 2019 نزیکەی شەش هێندە زیادیکردووە.
راپۆرتەکە دەڵێت، “وڵاتەکە رووبەڕووی تەقینەوە دەبێتەوە لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوخۆدا، بەهۆی ئەوەی قەیرانە دووبارەبووەکان کە ئەو وڵاتە پڕ لە ململانێیەی گرتووەتەوە و 43 ملیۆن کەسە، بەکارهێنان تێیدا زیادکردووە”.